لاوروف : لەندەن پێوەندیەکانی خۆی تووشی کەندو کۆسپ کردوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی : لەندەن لەبابەت پرسی ژەهراوی کردنی سیخوڕێکی پێشووتری ڕووسیا لە بەریتانیا پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ تووشی کەندوو کۆسپ کردوە .
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سێرگێئی لاوروف، ڕۆژی هەینی وتی : ئەم وڵاتە تائێستا بەڵگەیەکی سەبارەت بە ژەهراوی کردنی سێرگێئی ئێسکریپال سیخوڕی پێشووی ڕووس لە بەریتانیا وەر نەگرتووە.
لاوروف وتیشی : دەوڵەتی بەریتانیا سیاسەتێکی لەبەر گرتووە کە ئامانجەکەی پەرەسەندنی لانی زۆری قەیران لە ڕووسیایە و کاربەدەستانی بەریتانیا هاوپەیمانانی خۆیان بۆ هەوڵی دوژمنانە بە دژی ڕووسیا ناچار دەکەن .
وتەبێژی کرملینیش بە ئاماژەدان بە ڕووداوی ژەهراوی کرانی سیخوڕی ڕووس و هەوڵی دژە ڕووسیی بەریتانیا لەمبارەوە پێداگری کرد : لەندەن بەنیاز نییە کە قەبووڵی بکات موسکۆ چەکی شیمیایی لەبەر دەست دانییە .
دیمیتری پسکوڤ ئیدیعای بەریتانیا بە دژی ڕوسیای لەم ڕووداوەدا بە گەمژانە وەسف کرد.
دوابەدوای ژەهراوی بوونی سێرگێئی ئێسکریپال سیخوڕی ڕووس و کچەکەی لە شاری سالزبری بەریتانیا پێوەندی نێوان مۆسکۆ و لەندەن ئاڵۆز بووەتەوە.
بەریتانیا لەبەر ئەم ڕووداوە بیست و سێ دیپلۆماتی ڕووسی وەدەرنا.
کاربەدەستانی مۆسکۆش لە هەوڵێکی بەرامبەر دا بیست وسێ دیپلۆماتی بەریتانیایان وەدەرنا.