واشنگتۆن جارێکی دیکە پێشی گرت بە دەرکرانی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە دژ رژیمی زایۆنیستی
ئەمریکا جارێکی دیکە پێشی گرت بە دەرکرانی بەیاننامەی پێشنیارکراو لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان کە خوازیاری لێکۆڵینەوە لەبارەی تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی دژ بە خۆپێشاندەرانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە ببوو.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ریاز مەنسور نوێنەری فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێشەو(هەینی) وتی: سەرباری ڕەزامەندیی دەربڕینی ١٤ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دەرکردنی ئەو بەیاننامە، نەیارەتی ئەمریکا پێش بە دەرکرانی گرت.
ئەمریکا بەو کارەی بۆ دووهەم جار لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو پێشی گرت بە دەرکرانی بەیاننامەی پێشنیارکراوی کوەیت لە ئەنجومەنی ئاسایش کە توندوتیژیی رژیمی زایۆنیستی لەدژ خۆپێشاندەران لە کەرتی غەززە شەرمەزار دەکا.
بەیاننامەی پێشنیارکراوی کوەیت خوازیاری لێکۆڵینەوەی خێراو سەربەخۆ لەمەڕ کوشت وبڕی فەلەستینیان لەلایەن سەربازانی زایۆنی لە ڕێپێوانی مافی گەڕانەوە بوو.
هەزاران فەلەستینی ٣٠ی مارس لە چل و دووهەمین ساڵوەگەڕی"ڕۆژی زەوی" لە ڕێپێوانی ئاشتیانەی مافی گەڕانەوە بەرەو سنوورەکانی کەرتی غەززە لەگەڵ سەرزەوییە داگیرکراوەکان کەوتنەڕێ کە لەگەڵ پەلاماری سەربازانی ئیسرائیلی بەرەوڕووبوون. لەو ڕۆژەدا لانیکەم حەڤدە فەلەستینی شەهید بوون و زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس بریندار بوون.
دوێنێ هەینیش لە هەشتەمین ڕۆژی ڕێپێوانی مافی گەڕانەوە، دە فەلەستینی بەهۆی دەسڕێژی ڕاستەوخۆی زایۆنییەکان شەهید بوون و زیاتر لە١٣٠٠کەسیش بریندار کران.
لەو هەشت ڕۆژەدا تائێستا بیست و نۆ فەلەستینی بە زەبری گولـلەی سەربازانی ئیسرائیلی شەهیدو زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.
ڕێپێوانی فەلەستینیەکان لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی زەوی، بیرخەرەوەی بڕیاری ڕژیمی زایۆنیستی لەمەڕ داگیرکرانی خاکی فەلەستینیان لە سی مارسی١٩٧٦ـە کە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێ.
رژیمی ئیسرائیل بەداگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان و دامەزراندنی شارۆچکەی زایۆنی نشین لەو سەرزەوینانە لەهەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە فەلەستینیەکان و سیمایەکی زایۆنی دان بەو ناوچانەیە هەتا زاڵێتی خوازییەکانی لەناوچە فەلەستینیەکان بچەسپێنێ.
ئەمریکا لایەنگری سەرەکیی داگیرکەری و تاوانکارییەکانی ئیسرائیل دژ بە گەلی ستەملێکراوی فەلەستینە.