کارناسی ئەتۆمیی ئەمریکا؛ چوونەدەری ئەمریکا لە پەیمانی ئەتۆمی دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی نێودەوڵەتیی واشینگتۆن
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆنترۆلێ چەکەمەنی لە واشینگتۆن ڕۆژی پێنجشەممە جەختی کرد؛ چوونەدەری ئەمریکا لە پەیمانی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دەبێتە هۆی تەریک کەوتوویی ئەم وڵاتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
"درەیل کیمبال" کە یەکێک لە واژۆکەرانی نامەکەی ئەمدواییە بۆ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ مانەوە لە پەیمانی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکە، لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بنپێکرانی پەیمانی ئەتۆمی لە لایەن ترەمپەوە زەبرێکی قورس دەدات لە پلە و پێگە و توانا و دەسەڵاتی ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی هاوکاریی نێودەوڵەتی.
٢٠٠ کارناسی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ٢٧ی مارس لە نامەیەکدا بۆ ترەمپ جەختیان کرد چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی ١+٥ هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەمریکا نابێ.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆنترۆلێ چەکەمەنی لە واشینگتۆن بە ئاماژە بەوەی کە لەم نامەیەدا سەبارەت بە دواهاتەکانی بنپێ کرانی پەیمانی ئەتۆمی، وشداری داوە بە دەوڵەتی ئەمریکا هیوای خواست بەرپرسانی ئەمریکایی لەوە تێبگەن کە ئەم پەیمانە ئەتۆمییە لە ئاراستەی قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەواندایە.
"درەیڵ کیمباڵ" هاتنی "جان بۆڵتۆن" بۆ کۆشی سپی بە هۆکاری ئەو بڕیاردانە هەڵەیە سەبارەت بە پرسە گرینگەکان لەوان پەیمانی ئەتۆمی زانی و وتیشی: پاش چوونەدەر لە پەیمانی گۆڕدرانی کەش و هەوای پاریس، چوونەدەری ئەمریکا لە پەیمانێکی نێودەوڵەتیی دیکە، دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی نێودەوڵەتیی ئەمریکا.
"جان بۆڵتۆن" راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە نەیارانی سەرسەختی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دێتە ئەژمار.
ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.
"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
ستراتژیی دوژمنکارانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بە دان پێدانانی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەموو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێناوە.