سکای نیوز: پرێس کۆنفرانسەکەی ناتانیاھۆ شانۆیەکی ساختەکارانە بوو
کەناڵی تەلەفزیۆنیی سکای نیوز: پرێس کۆنفرانسەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونیی سەبارەت بە بوونی بەرنامەی شاراوەی ناڤۆکی لە ئێرانی بە شانۆیەکی ساختەکارانە زانی .
کەناڵی تەلەفزیۆنیی سکای نیوز، وێڕای ئاماژە کردن بە قسەکانی شەوی سێ شەممەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی لە بارەی ئێرانەوە پێی داگرت کە، بانگەشەکانی ناوبراو بەڵگەی پێویستی لەمەڕ پێشێلکرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە لایەن ئێرانی لەگەڵدا نییە.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی شەوی سێ شەممە وێڕای نومایش دانی کۆمەڵێک وێنەو سی دی و کاغەز لە بەردەم کامێراکانی تەلەفزیۆن، بانگەشەی کرد کە گوایە ئێران بەرنامەی شاراوەو نھێنیی پێیە بۆ چێکردنی چەکی ناڤۆکی.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی سکای نیوز سەرۆک کۆماری ئەمریکای وەک تاکە ھۆگری بانگەشەکەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی ناساندو تیشکی خستە سەر ئەمەی کە ناوبراو بڕیارە ١٢ی مانگی مای سەبارەت بە پێبەند بوون و یان وازھێنانی واشێنگتۆن لە ھەنگاوی ھاوبەش بڕیار بدات.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی سکای نیوز بە گێڕانەوە لە وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیاش پێی داگرت: میکانیزمی پشکنینی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ڕێکارێکی گرینگ و ھەستیارە بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستبێژیی ئێران لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوەو ئەمەش ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگرە کە بەرنامە ناڤۆکییەکەی ئێران کەڵکی ئاشتیانەی ھەیە.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی سکای نیوز وتووشیەتی: بیروڕای گشتی وتەکانی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی سەبارەت بە چالاکیی ناڤۆکییانەی ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکی تەنیا بە ھەنگاوێکی سیاسی دەزانێ تا ھەواڵگریانەو بانگەشەکانی تەنیا پەڵپ و بیانوویەک بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەدی دێنێ ھەتا بە خەیاڵی خۆی دەستەڵاتی مشت و مڕی خۆی لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە زیاتر بکات.