باکو بانگەشەی هاوپێوەند بە گوێزرانەوەی بەڵگە ناڤۆکییەکانی ئێران لە خاکی کۆماری ئازەربایجانی بەدرۆ خستەوە
حیکمەت حاجی یێف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان دوێشەو(هەینی) ئیدیعای ژمارێک میدیای ناوچەیی لەمەڕ گوێزرانەوەی بەڵگەی بانگەشەبۆکراوی هاوپێوەند بە بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران لەڕێی خاکی کۆماری ئازەربایجانی بەدرۆ خستەوە.
رۆژنامەی کوێتی ئەلجەریدە لەم دواییەدا ئیدیعای کردبوو، دەزگەی سیخوڕیی رژیمی زایۆنیستی بەڵگەکانی هاوپێوەند بە پرسی ناڤۆکیی ئێرانی لە مانگی ژانڤییەی٢٠١٨، لەڕێگەکانی دەرەوەی دەروازە سنوورییەکان گەیاندۆتە خاکی ئازەربایجان و پاشان لەڕێی ئاسمانەوە، گواستویەتییەوە بۆ فەلەستینی داگیرکراو.
بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی شەوی دووشەممە باسی ئەو بەڵگەو سەنەدانەی کرد کە بەئیدیعای ناوبراو، پێشان ئەدات ئێران چالاکیی ناڤۆکی نهێنی دەکا.
نەتانیاهۆ لە نمایشێکی پڕووپاگەندەییدا، ژمارێک وێنە، سی دی و کاغەزی بەکامێرای تەلەفزیۆن پێشان داو ئیدیعای کرد ئێران بەنامەی نهێنی هەیە بۆ دروست کردنی چەکی ئەتۆمی.
ئەو نمایشە پڕووپاگەندە گاڵتەجاڕانەی نەتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تائێستا چەندین جار جەختی کردووە لەسەر ئاشتیانەبوونی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران.
ئیدیعای نەتانیاهۆ لەبارەی هەوڵی ئێران بۆ دروست کردنی چەکی ئەتۆمی دووپات کردنەوەی هەمان ئیدیعاو بانگەشەگەلێکە کە ئەمریکییەکان پێشتر لەژێر ناوی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ڕابردووی ئێران ناسراو بە pmd هێنابوویانە ئاراوەو لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئەو دۆسییە لەلایەن ئاژانسەوە کۆتایی پێهات.
نەتانیاهۆ شەش ساڵ لەمەوبەریش لەڕێکخراوی نەتەوەکان بەپێشاندانی نیگارکێشیەک ئیدیعای کردبوو، ئێران خەریکە دەگاتە هێڵی سووری دەسڕاگەیشتن بە بۆمبی ناڤۆکی.