May 11, 2018 14:54 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاریی ئەتۆمیی ئێران و ڕووسیا

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی وتی: بێتوو لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گەرەنتییەکی پتەو و جێبڕاو بە ئێران بدەن بەرامبەر بە دابین کرانی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئێران و قەرەبوو کرانەوەی زیانەکانی چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گونجاو دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەمڕۆ هەینیی ئیدارەی گشتیی دیپلۆماسیی مێدیایی وەزارەتی دەرەوە؛ "سەید عەباس عەراقچی" لە دیداری "سێرگەیی ڕیابکۆف" جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە تاران بە ئاماژە بە بەڵێنشکێنی و یاسا بەزێنییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە دەدات بە تووێژی لەگەل هەموو لایەنە ئەورووپاییەکان ، ڕووسیا و چین بۆ لێکدانەوەی ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم ڕێککەوتنە.

ڕیابکۆفیش بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بە چونەدەری دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، ئەو کردەوەی بە هەڕەشەیەک دژ بە ئاشتی و ئاسانیشی نێودەوڵەتی زانی و جەختی کرد لە سەر پێبەندی ڕووسیا لە سەر جێبەجی کردنی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی  و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەتنە نێودەوڵەتییە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: وێرای بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، مۆسکۆ هەر درێژە دەدات بە پتەوتر و قووڵتر کردنی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران لە هەموو بوارەکاندا.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە.

 

سەرپەیڤ