ڕێبەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: هاتنەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێتە هۆی تەریک کەوتوویی واشینگتۆن
ڕێبەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕەخنە لە چوونەدەری واشینگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی ١+٥ وتی: ئەو کردەوەیە تەنیا دەبێتە هۆی تەریک کەوتوویی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "نانسی پلۆسی" Nancy Pelosi ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە دەسکەوتێکی گەورەی دیپلۆماتیک زانی و ڕایگەیاند ئەو کردەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەسەر چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، زەبری داوە لە پلە و پێگەی نێودەوڵەتیی واشینگتۆن.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و سەر لە نوێ داسەپێندرانەوەی هەموو بایکۆتە ئەتۆمییەکان لە ماوەی ٣ تا ٦ مانگی داهاتووی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە.