May 25, 2018 18:11 Asia/Tehran
  • داکۆکیی گۆترێش لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان داکۆکی کرد لە هەوڵە جیهانیەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئانادۆلۆ؛ ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەقسەگەلێکدا لە زانکۆی ژنێڤ پێشوازی کرد لە هەوڵە جیهانییەکان بەمەبەستی پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری یەکلایەنەو نایاسایی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: ڕێککەوتنی وەک، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی پێویستە.

هاوکات لەگەڵ ئەو لێدوانەی گۆترێش، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دوێنێ ئێوارێ لەیانزەهەمین راپۆری خۆیدا، جارێکی دیکە ئاشتیانەبوونی چالاکی ناڤۆکی ئێرانی پشت ڕاست کردەوە.

گۆترێش لەوشداریدانێکدا بەئاماژە بە ڕەوتی ڕوو لەپەرەی تێچووی جیهانیی سەربازی و ڕکابەریی چەکەمەنی، داوای لە ئەمریکاو ڕووسیا کرد لەمەڕ کەمکرانی پاشەکەوتە ناڤۆکییەکان هەوڵ بدەن.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: جیهان لەحاڵی چوون بەرەو دواوەیەو لەناوبردنی بەتەواوەتی چەکئامێری ناڤۆکی دەبێ بخرێتە ئەولەویەت و سەرەوە، چونکە نزیک بە پانزە هەزار جبەخانەی ناڤۆکی لەجیهاندا هەیە کە بەسەدان لەو جبەخانانە دەتوانن لە چەند خولەکدا چالاک بکرێن.

سەرپەیڤ