ڕاوەرگرتنێک لە بارەی ئاستی ڕەگەزپەرەستیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا
لەسەدا ٤٩ ی خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕیان وایە، داناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەیان کەسێکی ڕەگەزپەرستە .
بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی زانکۆیەکی ئەمریکی نزیکەی نیوەی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لەو باوەڕەدان کە، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کەسێکی ڕەگەزپەرستە.
بەپێی ڕاپرسییەکی زانکۆی کوینیپیاک لەسەدا ٤٩ ی خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕیان وایە، داناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەیان کەسێکی ڕەگەزپەرستە و ھاوکات لەسەدا ٤٧ی ھاوڵاتیانی ئەمریکیش ئەو بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە.
لەڕاپرسییەکەدا ئەوە دەرکەوتووە کە لەسەدا ٤٤ی بەشداربووان پێیان وایە بیروباوەڕە ڕەگەزپەرستەکانی ترەمپ ھاندەرێک بووە لە داڕشتنی سیاسەتی کۆچبەرانی ئیدارەکەیدا و لەسەدا ٥٠ی بەشداربووانیش ڕایان وابووە کە ترەمپ بەرژەوەندییەکی دڵسۆزانەی ھەیە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەمریکادا. ھەر لەم پەیوەندییەدا لەسەدا ٦٠ بەشداربوونیش لە سەر ئەو باوەڕە بوونە کە، جیاکردنەوەی منداڵانی کۆچبەر لە دایک و باوکیان، پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ.
ئەوەی وا لەم ناوەدا جێگای سەرنج پێدانی زیاترە ئەمەیە کە لەسەدا ١١ لایەنگرانی پارتی کۆماریخوازانی ئەمریکا لەڕاپرسییەکەدا ڕایان وابووە ترەمپ کەسێکی ڕەگەزپەرستە و لەسەدا ٢٢ی بەشداربووانیش باوەڕیان وابووە کە ئامانجی ترەمپ لەو کارەی ئەوە بووە کە ڕەگەزپەرستەکانی وڵاتەکەی بوێرانەتر بیروباوەڕی خۆیان دەرببڕن.
جێگای ئاماژەیە ئاکار و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دەوڵەتی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە گەڵ کۆچبەران بە تایبەت منداڵانیان لە سەرتاسەری جیھان و لە نێوخۆی ئەمریکاش دا رووبەڕووی ڕەخنە و گازندەی زۆر بووەتەوە .