داکۆکیی وەزیری دەرەوەی ئوتریش لە بەردەوام بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئوتریش هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی قۆناغی یەکەمی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی و پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند.
"کارین کنەیسێل" وەزیری دەرەوەی ئوتریش ڕۆژی چوارشەممە لە وتوێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئەم وڵاتە؛ هیوای خواست بکرێ پێش بە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران بگرێ کە لە نۆڤەمبەردا زیاتریش دەبێ.
"کارین کنایسێل" بە ئاماژە بە گرینگایەتیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە چوارچێوی چەکداماڵینی ئەتۆمیی جیهان وتی: ئەورووپا درێژە دەدات بە هەوڵی هاوبەشی بۆ مانەوە و بەردەوام بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەل ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئوتریش هەروەها داکۆکی خۆی ڕاگەیاند لە هەڵویستەکانی "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سێ وڵاتی دیکەی ئەورووپایی بەشدار لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران سەبارەت بە مانەوە و بەردەوام بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
لە ئاکامدا دەوڵەتی ئەمریکا پاش چەن مانگ هەڕەشە و گوڕەشە، لە سەر لە بەیانی سێشەممەوە (٧ی ئاگوست) بایکۆتە ئەتۆمییە هەڵپەسێردراوەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەر لە نوێ بووژاندەوە.
هاوکات سێ وڵاتی ئەورووپایی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمان هاوڕێ لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا کە لایەنی دانوستان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا لەگەڵ ئێران بوون، بە دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەش ئەو کردەوەیەی ئەمریکایان دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە.
قەدەغەی بازرگانی بە دۆلار، قەدەغەی بازرگانی بە زێڕ، قەدەغەی سەرمایەنانەوە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیل، قەدەغەی بازرگانیی پۆڵا و قەدەغەی فرۆشرانی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر و پارچەکانی پێویستی، لەو بایکۆتانەن کە بە فەرمانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەر لە نوێ بە سەر ئێران داسەپێندراونەتەوە.
هەروەها لە ڕۆژی سێشەممەوە "یاسا و ڕێساکانی داخەر"ی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پێشگری بە داسەپێندرانی بایکۆتی یەکلایەنەی ئەمریکا بە سەر کۆمپانییە ئەورووپاییەکانی لایەنی بازرگانی لەگەڵ ئێران جێبەجی کراوە