مۆسکۆ : ناتۆ ، هۆکاری لەناوچوونی پەیمانی"ئای ئێن ئێف" ـە
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i357066-مۆسکۆ_ناتۆ_هۆکاری_لەناوچوونی_پەیمانی_ئای_ئێن_ئێف_ـە
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکور(ناتۆ) ی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی لەناوچوون و هەڵپەسێردرانی پەیمانی مووشەکە نێوانبڕەکان زانی.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 04, 2019 17:16 Asia/Tehran
  • مۆسکۆ : ناتۆ ، هۆکاری لەناوچوونی پەیمانی

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکور(ناتۆ) ی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی لەناوچوون و هەڵپەسێردرانی پەیمانی مووشەکە نێوانبڕەکان زانی.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پەیڕەویی تۆکمەو تەواوی ناتۆ لە سیاسەتەکانی ئەمریکاو جێگیرکردنی مووشەکەکانی ئەو وڵاتە لە ڕۆمانی و پۆڵنداو تێکەڵکرانیان بەسیستەمی بەرگریی مووشەکیی ناتۆ، سەنەدو بەڵگەیە بۆ بەرپرسایەتی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێکخراوە لە پێشێلکردن و هەڵپەساردنی پەیمانی سیستەمی مووشەکە نێوانبڕەکان"ئای ئێن ئێف".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە، هەڵپەسێردرانی پەیمانی "ئای ئێن ئێف" ، شوێنهاتی قورس و نەرێمی بۆ ئاسایشی ئوروپا دەبێ و ئەو قەیرانە، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ئوروپاش دەگرێتەوە کە دەگوترێ زۆر نیگەرانی هەڵپەسێردرانی ئەو پەیمانە نین.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ناتۆ بەتەواوەتی سیاسەتی واشنتۆن پەیڕەو دەکا کە لەئاراستەی لەناوبردنی بەتەواوەتی سیستەمی کۆنترۆڵی چەکئامێریی دەچێتەپێش کە لەدرێژەی چەندین ساڵدا بەدیهات.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو وڵاتە لە دووی فێڤرییەوە بۆماوەی ١٨٠ ڕۆژ لە پەیمانی سیستمی مووشەکە نێوانبڕەکان"ئای ئێن ئێف" لەگەڵ ڕووسیا، دەکشێتەوە.

"ڤلادیمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا رۆژی شەممە دووی فێڤرییە لەکاردانەوە بە ڕاگەیێندرانی چوونەدەری ئەمریکا لە پەیمانی "ئای ئێن ئێف" ئەندامەتی مۆسکۆ لەو پەیمانەی هەڵپەسارد.

سەرانی ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، دیسەمبەری١٩٨٧ لە واشنگتۆن پەیمانی "مووشەکی نێوانبڕ"یان ئیمزا و لە ژۆئەنی١٩٨٨دا جێ بەجێیان کرد.

ئەو پەیمانە، واشنتۆن و مۆسکۆ قەدەغە دەکا لە جێگیرکردنی مووشەکی بالستیک و کروز لە ئوروپادا.