کاروەدانی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا بە بایکۆتە نوێیەکانی ئەمریکا
سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، پاکێجی نوێی بایکۆتی دژە ڕووسیی ئەمریکای لەسەر گەڵاڵە نیشتمانییەکان و چالاکیی بانکی ناوەندیی ڕووسیا ، بێ کاریگەر زانی.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی نۆڤێستی؛ "دیمیتری مێدوێدۆف" سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا لەبارەی هەگبەی نوێی ئابلۆقەکانی ئەمریکا وتی کە گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا هیچ کاریگەریەکی نابێ لەسەر گەڵاڵە نیشتمانییەکان لەواری دراڤی، چالاکیی بانکی ناوەندی و حکومەتی فدراسیۆنی ڕووسیا.
سێنای ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بەرتەسکیی نوێی دانا لەسەر گەڵاڵە دەرەوەییەکانی ڕووسیا، بەشی سایبری و قەرزەکانی ئەو وڵاتە.
گەڵاڵەی دژە ڕووسی سێنای ئەمریکا، دەبێ لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش پەسەند بکرێ و پاشان دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پشت ڕاستی بکاتەوەو لەقۆناخی دواتردا وەک یاسای لێ بێ.
بەرلەوە، سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە سەپێندراوەکانی رۆژاوا ئامادەیە.
پەیوەندیی ئەمریکاو یەکێتی ئوروپا، لەگەڵ ڕووسیا لەچەند مانگی ڕابردوودا لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئۆکراین وهەروەها دەرکرانی دیپلۆماتە ڕووسەکان، کێشەی زۆری تێکەوتووە.