کۆبونەوەی پوتین و ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا سەبارەت بە لێکدانەوەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران
سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە مەبەستی لێکدانەوەی ڕووداو و گۆرانکارییەکانی ئەمدواییەی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم وڵاتە کۆبوویەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕاشاتودەی؛ "دیمیتری پسکۆف" وتەبێژی کۆشکی کرێملین ڕایگەیاند؛ "ڤیلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم وڵاتە ڕۆژی پێجشەممە بۆ لێکدانەوەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و تەشەنەی ناکۆکی لە ڕۆژاوای ئاسیا کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.
کۆبوونەوەی پوتین و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا یەک ڕۆژ پاش بڕیاری ئێران لەمەڕ ڕاگرتنی ژمارێک لە بەرپرسایەتییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.
پسکۆف ڕۆژی چوارشەممەیش ڕایگەیاند "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەفەر بۆ مۆسکۆ نامەیەکی لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئاراستەی پوتین کردووە.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە هەشتەمی مانگی مەی لە یەکەم ساڵڕۆژی چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژ بە تاران، ڕایگەیاند کە فرۆشرانی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورسی ئێران بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕادەگیردرێ تا ئەورووپاییەکان کەمتەرخەمییەکانی خۆیان لەم ماوەیدا قەرەبوو بکەنەوە.
"عەباس عەراقچی" جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی: کۆماری ئیسلامیی ئیران تا ئێستا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەچۆتە دەرەوە، بەڵام خەریکە پلان دادەڕێژێ بۆ چونەدەری قۆناغ بە قۆناغ لەو ڕێککەوتنە.