حوزه‌یران 21, 2019 14:13 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی موگرینی بەرامبەر بە شەڕنانەوەی ئەم ڕۆژانەی ئەمریکا لە کەنداوی فارس

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا خوازیاری دان بە خۆدا گرتن و پشوودرێژیی هەموو لایەنەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "فدریکا موگرینی" ڕۆژی پێنجشەممە پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتیی ئەورووپا لە بروکسێل خوازیاری دان و بەخۆدا گرتن و پشوودرێژی لە ناوچەی کەنداوی فارس بوو و وتی: من سەبارەت بەم مەسەلەیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشینگتۆن قسەم کردووە و جەختم کردووە لە سەر ئەوەی کە پەرەپێدانی شەڕ و کێشەی سەربازی لە ناوچەی کەنداوی فارس بە سوودی هیچ کەس و یان لایەنێک لە ناوچە و جیهان نییە.

موگرینی وتیشی: یەکێتیی ئەورووپا لەم بارەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچە و جیهان ئەوەی لە دەستی بێ دەیکات.

موگرینی لە درێژەدا وتی: وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی کۆمەڵگەی جیهانی هەوڵ دەدەن بە کردنەوەی کەناڵەکانی پێوەندی پێش بە تەشەنەی توند و تیژی بگرن ، چوونکە تەشەنەی کێشە و ئاڵۆزی کاریگەرییەکی نگەتیڤ دادەنێتە سەر هەموو ناوچەکە و یەکێتیی ئەورووپا خوازیاری دان بەخۆداگرتن و  هەست بە بەرپرسایەتیی کردنی هەموو لایەنەکانە.

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاماژە بە گرینگایەتیی بەردەوام بوونی پێبەندیی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی وتی: گرینگترین پرس  لێرەدا بۆ ئێمە  بەردەوام بوونی پێەندیی تۆکمە و تەواوی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە.

لە یەکەم کاژێرەکانی سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی مۆدیلی «گلۆباڵ هاوک» Global Hawkی ئەمریکا پاش هاتنە نێو سنووری ئاسمانیی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتەبەر هێرشی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و کەوتە خوارەوە. کاربەدەستانی ئەمریکایی بانگەشەیان کردبوو کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە نەچۆتە نێو سنووری ئاسمانیی ئێرانەوە و لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا وەبەر پەلامار کەوتووە لە کاتێکدا کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئەمریکاییە هاتۆتە نێو سنووری ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەر ناوچەی بەرامبەر بە چیای موبارەک لە پارێزگای باشووریی هورموزگاندا.

 

                           

سەرپەیڤ