«برایان ھوک» باسی مسۆگەر بوونی گەڕانەوەی ھەنگاوە بەرجامییەکانی ئێرانی کردووە
سەرۆکی «تاقمی ھەنگاوی ئێران» سەربە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکی تەلەفیزویندا باسی ئەوەی کردووە کە ھەنگاوە بەرجامییەکانی ئێران بەدەر لە ڕێککەوتنەکە نەبووە.
«برایان هوک» سەرۆکی «تاقمی ھەنگاوی ئێران»" سەربە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی تەلەفیزونی فڕانس ٢٤ دانی بەوەدا ناوە کە هەنگاوە ناڤۆکییەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی لە کاردانەوە بە بێ کرداریی ئەورووپاییەکان و کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە گەڕانەوەی بۆ هەیە . «هوک » لە بۆچوونێکی بێ بنەمادا وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە نیوەی وڵاتانی خاوەنی پیشەسازیی ناڤۆکی چالاکی پیتاندنیان نیە، بانگەشەی کردووە کەوابوو ئێرانیش نابێ پیتاندنی ئۆرانیومی هەبێت .
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو وڵاتانی ئەندامی پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ناڤۆکی واتە « ئێن پی تی» بۆیان ھەیە بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانە ئۆرانیوم بپیتێنن .
ئەم کاربەدەستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام ھەروەھا بانگەشەی کرد کە: وڵاتەکەی لە بەر ئەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام کشاوەتەوە کە ھەیل ئەوەی بۆ ئێران دەڕەخساند کە یانزەساڵی دیکە خۆی وتەنی چەکی ناڤۆکی بەرھەم بھێنێت. بەپێی بانگەشەی ئەم دیپلۆماتە ئەمریکییە، ڕێککەوتنی بەرجام کاتی بەسەر چوونیشی ھەیەو بایکوتی چەکەمەنیی ڕێکخراوی نەتەوەکان دژی ئێران ھەتا ھەشت مانگی دیکە ھەڵدەوەشێنێتەوە .
ئەو بانگەشەیەی «برایان ھوک» لە کاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە بە پێی ڕاگەیاندنی «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، ڕێککەوتنی بەرجام قەت بەرواری بەسەرچوونی بۆ دیاری نەکراوەو بەس ھێندێک لە بڕگەکانی بە پێی ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بۆی ھەیە ماوەکەیان بەسەر بچێت . بەڵام دیارە بەڵێنمەندیی تاران لەمەڕ ئەمەی کە قەت بەدووی چەک و چۆڵی ناڤۆکییەوە نابێت، ماوە بەسەرچوونی بۆ نییە.