ئادار 11, 2020 17:35 Asia/Tehran
  • کاربەدەستێکی ئەورووپی : ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان بەشێکی گرینگی ڕێککەوتنی بەرجامە

نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی سەقامگرتووی ڤییەنا، وێڕای ئاماژە کردن بە پشتگریی تۆکمەو تەواوی ئەم یەکێتییە لە ڕێککەوتنی بەرجام، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: ھەڵوەشانەوەی بایکۆتەکان بەشێکی گرینگی ئەم ڕێککەوتنە دێنە ئەژمار.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، « ستیفان کلێمێنت» نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی سەقامگرتووی ڤییەنا، ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بانگەشەی کرد کە، یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنمەندیی لێبڕاوانەی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی بەرجام لەوانە ھەڵوەشانەوەی بایکۆتەکان و بەردەوامیی پشتگری کردن لەم ڕێککەوتنە ڕادەگەیەنێت و بە تۆکمەوتەواوی ڕایدەپەڕێنێت.

ئەم سیاسەتڤانە ئەورووپییە ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە نیگەرانی لە بارەی کەم کرانەوەی بەڵێنمەندییەکانی ئێران لە ھەمبەر ڕێککەوتنی بەرجام لەوانە پەڕینەوە لە پاشەکەوتی ئۆرانیۆم، بانگەشەی کرد کە ئەو ھەنگاوانە گەڕانەوەیان بۆ نییە.

سەرباری ھەڵوێستی دۆش داماوانەی ئەورووپییەکان لە ھەمبەر ڕێککەوتنی بەرجام، کەچی کلێمێنت بانگەشەی کردووە کە: یەکێتیی ئەورووپا سوورە لەسەر ھاوکاری کردنی کۆمەڵگای جیھانی لە ئاراستەی پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام وەک دەستھاتێکی گرینگی چەند قۆڵی کە لە ئەنجام دا پشتڕاست کرانەوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لێ کەوتەوە.

ئێران دوابەدوای کشانەوەی یەک لایەنەو نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ساڵی ٢٠١٨ ھەوڵی دا ھەتا ئەم ڕێککەوتنە ناڤۆکییە بە مەرجی ڕاپەڕێندرانی لە لایەن لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکەوە، بپارێزێت، کەچی ھەتا ئێستا ئەورووپییەکان بە کردەوە ھیچ سەرکەوتنێکیان لە ڕووی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان بە مەبەستی پاراستنی ئەم ڕێککەتنە نێونەتەوەییە بەدەست نەھێناوە.

دەوڵەتی ئێرانیش پێنجەمی ژانویەی ٢٠٢٠ لە بەیاننامەیەک دا ھەنگاوی پێنجەم و لە ڕاستی دا دواھەنگاوی کەم کردنەوەی بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجام ڕاگەیاندو پێی داگرت کە، ئەگەر بێتو بایکۆتەکان ھەڵگیرێن و ئێران لە ڕێککەوتنەکە قازانج بکات، ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ بەڵێنە بەرجامییەکانی. 

سەرپەیڤ