تشرینی دووه‌م 01, 2020 18:49 Asia/Tehran
  • فلۆریدا چارەنووسی سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا دیاری دەکات

دوو ڕۆژی دیکه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ویلایه‌تی فلۆریدا بوه‌ته‌ چه‌قی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ و مژده‌ی چونه‌ کۆشکی سپی به‌ سه‌رۆکی داهاتوو ده‌دات.

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ و به‌دیاریکراوی کاتژمێر 7ی ئێواره‌ ده‌نگه‌کانی ویلایه‌تی فلۆریدا جیاده‌کرێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ ناسنامه‌ی سه‌رۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئه‌مریکا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئاخۆ بایدن یان تره‌مپ، کامیان چوار ساڵی داهاتوو له‌ نێو کۆشکه‌ سپییه‌که‌ به‌سه‌رده‌به‌ن.

باراک ئۆباما، سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا به‌شداری له‌که‌مپه‌ینی پاڵپشتی بۆ جۆ بایدن کرد و وتی "ئه‌گه‌ر فلۆریدامان برده‌وه‌ ئه‌وا هه‌موو شتێک کۆتایی دێت، چاوه‌ڕێی ده‌رچوونی ئه‌نجامی ویلایه‌ته‌کانی دیکه‌ نابین، ده‌مه‌وێت بخه‌وم، چونکه‌ ده‌زانم سه‌رۆکه‌که‌مان به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ شه‌ڕده‌کات".

ئه‌گه‌ر بایدن بتوانێت ویلایه‌تی فلۆریدا مسۆگه‌ر بکات، ئه‌وا چوار ساڵی داهاتووی سه‌رۆکایه‌تی له‌گه‌ڵیدا مسۆگه‌ر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تره‌مپ ویلایه‌ته‌که‌ به‌رێته‌وه‌ چی ڕووده‌دات؟به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماژانه‌ی تا ئێستا ده‌رکه‌وتون جیاوازییه‌کانی نێوان تره‌مپ و بایدن زۆر که‌مه‌، ئه‌گه‌ر تره‌مپ فلۆریدا به‌رێته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ وه‌ک براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌رناکه‌وێت، به‌ڵکو پێویستی به‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێ بکات تا ده‌نگی چه‌ند ویلایه‌تێکی دیکه‌ش به‌رێته‌وه‌.

جیاوازییه‌کانی تره‌مپ و بایدن له‌ فلۆریدا تا ڕاده‌یه‌ک که‌مه‌ و بواری ئه‌وه‌ ماوه‌ بایدن بتوانێت گورزی خۆی له‌ تره‌مپ بدات چونکه‌ تره‌مپ به‌ 50% و بایدن به‌ 48% ده‌نگی خه‌ڵکی فلۆریدای به‌لای خۆیدا ڕاکێشاوه‌.

تا ئێستا نزیکه‌ی 60%ی خه‌ڵکی فلۆریدا له‌ ده‌نگدانی پێشوه‌خت ده‌نگیداوه‌، هه‌رچه‌نده‌ تره‌مپ له‌پێشه‌وه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا 40ی خه‌ڵکی ده‌نگیان نه‌داوه‌ و بوار بۆ هه‌ردوو کاندیده‌که‌ ماوه‌ شه‌ڕی خۆیان بکه‌ن.

سەرپەیڤ