تشرینی دووه‌م 02, 2020 22:37 Asia/Tehran
  • فەرماندەیەکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئازەربایجان کوژرا

بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی عەرەبی بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە فەرماندەی هێزەکانی سوڵتان موراد کە هێزێکی سوری نزیکە لە تورکیا لەکاتی روبەڕوبوونەوەدا لەهەرێمی قەرەباغ کوژراوە.

 

بە پێی ھەواڵی میدیای وێستگە نیوز ، لەوبارەیەوە ئاژانسی هاوار نیوز لە زاری لیندسی سنێل رۆژنامەنوسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، فەرماندەی هێزەکانی سوڵتان موراد کە بەهێزێکەوە لەلایەن تورکیاوە رەوانەی ناوچەی گرژی لەهەرێمی قەرەباغ کرابوو، ئەمڕۆ دوشەممە لە رێگەی قەناس کوژراوە.

ئەو رۆژنامەنوسە ناوی فەرماندەی هێزەکانی سوڵتان مورادی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام وێنەی ژمارەیەک سەربازی ئەو هێزەی بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک سەربازو ئەفسەری گروپی سوڵتان موراد دەردەکەون.

تورکیا لەگرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی قەرەباغ پشتیوانی لە حکومەتی ئازەربایجان دەکات و میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەنقەرە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریای رەوانەی ناوچەی گرژیی نێوان هەردولاکردوە و هاوشێوەی لیبیا، لە قەرەباغیش چەکداری سوری بەکاردەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاندوە، ئەگەر گرژییەکانی هەرێمی قەرەباغ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بگاتە ناوچەی ناگۆرنۆی هەرێمەکە، موسکۆ پشتیوانی پێویست پێشکەشی ئەرمینیا دەکات.

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە 27ی ئەیلولەوە دەستیپێکردوە، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی روسیا لەنێوان هەردولادا لە 10ـی  ئەم مانگە راگەیەنراوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی ئاگربەستەکە پێشێلکرا.

سەرپەیڤ