ڕەخنەی میدیاکانی جیھان لە بانگەشەی سەرکەوتنی «ترەمپ»
میدیاکانی جیھان بانگەشەی سەرکەوتنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتەیان دایە بەر ڕەخنە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،کەناڵی ھەواڵیی «سی ئێن ئێن»ی ئەمریکا، ھەواڵدەریی ڕۆیتێرزو کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلجەزیرە بانگەشەی سەرکەوتنی «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەیان بەرلە کۆتایی ھاتنی ژماردنی دەنگەکان و پشتڕاست کرانەوەی دەرەنجامەکەیان، بە بانگەشەیەکی ھەڵەو بێ بنەما زانی.
ئەم میدیا نێونەتەوەییانە وایان بڵاو کردووەتەوە کە، ترەمپ وێڕای بانگەشەی ڕوودانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا بە بێ دەرخستنی بەڵگەیەک، لە گۆترە خۆی وەکو سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندووەو وتوویەتی کە ژماردنی دەنگەکان دەبێ ڕابگیردرێت.
بە پێی دوایین ڕێژەی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٠ی ئەمریکا ھەتا ئەم چرکەیە، «جۆبایدێن» پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی ئەم وڵاتە لە «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئێستاو پاڵێوراوی پارتی کۆماریخوازان ، وەپێش کەوتووە.