کانونی دوھەم 16, 2021 23:24 Asia/Tehran
  • دۆخی زۆر ناخۆشی ئاوارەکان لە یۆنان

ئاوارەکانی کامپێکی پەنابەران لە یۆنان داوای بە هاناوەچوون دەکەن و دەڵێن، “خەریکە لە سەرمادا ڕەق دەبینەوە”، ڕێکخراوێکی کوردیش ئاشکرای دەکات، دۆخی ئاوارەکانی یۆنان “خراپە”.

گروپێکی نێو کامپی مۆریا لە یۆنان کە تایبەتە بە پەنابەران،  شەممە 16ی کانونی دووەم لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، “منداڵەکان لە سەرمادا دەگرین و لێویان سوور هەڵگەڕاوە”.

ئەو گروپە کە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی نێو کامپەکە دروستبووە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، “سەرجەم جلوبەرگەکانمان لەبەر کردووە بەڵام سوودی نییە و خەریکە ڕەق دەبینەوە، هیچ گەرمکەرەوەیەک نییە و دارەکانیش تەڕن و ئاگر ناگرن، سێ ڕۆژیش ئەم سەرمایە بەردەوام دەبێت”.

لای خۆیەوە، ئاری جەلال، سەرۆکی ڕێکخراوی لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە پەنابەرانی سەرجەم کامپەکانی یۆنان کە ژمارەیان زۆرە، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان و حکومەتی ئەو وڵاتە دەرەقەتی بارودۆخەکە نایات”.

ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت یەکێتیی ئەوروپاش کەمتەرخەمە لەو ڕووەوە و چارەسەر بۆ دۆخەکە نادۆزێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرۆکی ڕێکخراوی لوتکە ئاشکرای کرد، زۆرینەی نێو کامپەکانی یۆنان هاوڵاتیی سوری و عێراقین و “لە دۆخێکی زۆر خراپدان”.

“دوو جۆر هاوڵاتی لەو کامپانەدا هەن، بەشێکیان ئەوانەن کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە لە خودی یۆنان، بەشێکی دیکەشیان چاوەڕوانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپان بیانبەن”، وەک ئاری جەلال ئاماژەی پێکرد.

وتیشی، “پرۆسەی وەرگرتنی مافی پەنابەر و بردنیان بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا زۆر سست و خاوە و تەنانەت زۆریش کەمە”.

بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەماوە پێنج ساڵی ڕابردوودا (ساڵی 2015 بۆ 2020) لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە 596 هەزار و 273 کەس کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە کۆچیان کردووە.

لەو ژمارەیەش، 251 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 173 کەسیش بێسەروشوێن بوون.

سەرپەیڤ