ڕاوێژی شاندی نوێنەرایەتیی ئێران و تورکیا لە کۆبوونەوەی «سوچی»
شاندی نوێنەرایەتیی ئێران کە بە سەرۆکایەتیی «ئەسغەر خاجی» ڕاوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری تایبەتیی سیاسی بە مەبەستی بەشداری لە پانزەھەمین کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی کارناسانی باڵای وڵاتانی ئەندامی ڕەوتی ئاستانە لە شاری سوچیی ڕووسیادا بەسەر دەبات، لەگەڵ شاندەکەی تورکیا دیدارو ڕاوێژی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، لەم دیدارەدا ھەردووک لا بە تێروتەسەلی لە بارەی دوایین ڕەوشتی مەیدانیی سووریا لەوانە «ئیدلەب»، ڕۆژھەڵاتی فۆرات و گۆڕانکاریی ناوچەی کوردنشینی سووریاو ڕەوتی چارەسەریی سیاسیانەی کێشەکانی ئەم وڵاتە وێڕای پێداگرتن لە سەر چالاکییەکانی لێژنەی یاسای بنەڕەتی، ڕاوێژو گفتوگۆیان کرد.
لە ڕەوتی ئەم دیدارەدا، ھەردووک لا لە سەر ئەم بابەتەی کە قەیرانی سووریا ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییەو سیاسەت تاکەڕێگاچارەسەتی، پێیان داگرت.
«خاجی» وێڕای شی کردنەوەی سەردانی ئەم دواییەی بۆ دیمەشق، لە سەر پێویستیی خەباتی دژی تیرۆریزم لە سووریاو ھەروەھا یارمەتی دانی بەرەوپێش چوونی ڕەوتی سیاسی لەو وڵاتە لە چوارچێوەی کاری لێژنەی یاسای بنەڕەتی، پێی داگرت.
پانزەھەمین کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئاشتیی سووریا، لە دوێنێوە بە دیداری دوو لایەنەو چەند لایەنەی شاندە جۆربەجۆرەکان و ھەروەھا دانیشتنی گشتییان دەستی پێکراوەو ئەمڕۆ چوارشەممەش بە شێوەی پسپۆڕانە بە ئامادە بوونی نوێنەرانی ئێران، ڕووسیا، تورکیا، ڕێکخراوەی نەتەوەکان، دەوڵەتی سووریاو تاقمە نەیارەکانی سووریا لە ناوچەی «ئادلەر»ی شاری بەندەریی «سوچی»ی ڕووسیا بەردەوام دەکرێت.