کانونی دوھەم 15, 2022 21:52 Asia/Tehran
  • روسیا کوردی سوریا بۆ دانوستان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی هان ئەدات

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ ئیلھام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری (مەسەدە) ھەوڵدانە بۆ گرنگی دەسپێکردنەوەی دیالۆگێکی جددی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و رەوشی کوردان لەناو دەوڵەتی سوریادا.

ئاماژە بەوەشکرد، روسیا پشتیوانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق دەکات، ھانی کوردانی سوریایش دەدات سود لە ئەزمونی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان وەرگرن.

وەزیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا جەختی لەوەشکرده‌وه‌، که‌ ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌کان بۆ داهاتو بونیاتبنێن و سوریا لەسەر ئەم بابەتە سود لە ئەزمونی وڵاتی دراوسێی (عێراق) وەربگرێت.

لاڤرۆڤ وتیشی، دو ساڵ لەمەوبەر لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق و هەولێر پشتگیری لە بیرۆکەی چڕکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق کرد بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زیاتری کوردانی عێراق لەگەڵ برا سوریەکانیان.

وەزیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا دانی بەوەدانا کە کێشەی کورد لەئێستادا یەکێکە له‌ لەمپەرەکانی دەستپێکردنی دانوستانێکی گشتگیر لەسەر یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و رونیشیکردەوە، کە کۆبونەوەی لیژنەی دەستوری لە ژنێڤ ژمارەیەک لەکورد لەخۆدەگرێت، بەڵام نوێنەرایەتی سەرجەمی کوردانی ئەو وڵاتە ناکات.

لاڤرۆڤ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "کاتێک ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەنیازی کشانەوەی سوپای ئه‌مریکا له‌ سوریا راگه‌یاند، دەستبەجێ کوردەکان گەیشتنە روسیا بۆ ئەوەی داوای هاوکاری بکەن بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق، بەڵام بەزوترین کات واشنتن پێداچونەوەی بۆ بڕیارەکەی کرد".

سەرپەیڤ