ئه‌یلوول 11, 2022 15:18 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی ڕووسیا لە بەیاننامەی «نابەجێ»ی سێ وڵاتەکەی ئەورووپا لە بارەی ئێرانەوە

نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەنا ڕۆژی شەممە ڕەخنەی لە بەیاننامەی سێ وڵاتەکەی ئەورووپا سەبارەت بە ئێران گرت.

سێ وڵاتی ئەورووپیی بەریتانیا، فەرەنسا و ئاڵمانیا ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئێران دەرفەتی دیپلۆماسیی هەستیاری نەقۆستووەتەوەو بە پێچەوانەوە بەردەوام بووە لە فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدەر لە هەر پاساوێکی ناسەربازییانەی پەسەندکراو.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا، ترۆئیکای ئەوروپی، بەبێ ئەوەی باس لە شکستهێنانی حکومەتی جۆ بایدنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بکات لە مەڕ بڕیاردانێکی گونجاو، ئێرانی وەک تاوانباری پێش نەکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکانی ڤیەنا ناساندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممەی ئیرنا، «میخائیل ئولیانۆف» نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا، ڕەخنەی لە بەیاننامەی سێ وڵاتەکەی ئەورووپا سەبارەت بە ئێران گرت و دەرکرانی ئەم بەیاننامەیەی ئەویش لە کاتی ھەستیاری دانوستانەکانی ڤیەناو لە سەروبەندی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، بە ھەنگاوێکی نابەجێ وەسف کرد.

دوابەدوای دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە ئەوروپییە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ سێ وڵاتەکەی ئەوروپی هاوڕاین کە نابێت بووژاندنەوەی بەرجام مەرجدار بکرێت بە ھەڵپەسێندرانی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆم لە سێ بنکەی ناڤۆکیی ئێران دا.

ئەم وتەبێژە جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەچکاتێک بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ڕاگەیاند کە ئەو کێشانەی کە لەگەڵ ئێران مابوونەوە بە زوڵاڵی چارەسەر کراون، ئەوکات چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە دۆسیەیەی ئێران لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی بڕیاردەران وەلا بنرێت.

سەرپەیڤ