شوبات 21, 2023 17:41 Asia/Tehran
  • دژایەتی دووبارەی «بورێل» لەگەڵ دانانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستیی ئەوروپادا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دژایەتیی دانانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستیی ئەورووپای کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، «جۆزێپ بورێل» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانەکانی نەیاران لە بەردەم بارەگای یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسێل، وتی: ئەم یەکێتییە ناوی سپای پاسداران ناخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەورووپاوە.

«بورێل» وتیشی: بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بتوانێ ناوی سپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەورووپاوە، بڕیاری دادگا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام پێویستە و دەنگی ناڕەزایەتیش یاساکانمان ناگۆڕێت.

لەلایەکی دیکەوە،«ئانالینا بێربۆک» وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل ڕایگەیاند، تا ئێستا وەکو یەکێتیی ئەورووپا بەڵگەی مافەوانیی پێویستمان نییە بۆ ئەوەی ناوی سپای پاسداران بخەینە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەوروپاوە.

«کریستوفر بێرگەر»، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیاش، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند: دانانی ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە لیستی تیرۆریستیی یەکێتیی ئەورووپادا، نەک تەنیا بەربەستی سیاسی بەڵکو لەگەڵ بەربەستی مافەوانیش دا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی دەزگای  دیپلۆماسیی ئاڵمانیا ڕۆژێک دوای دەرکردنی بڕیارنامەیەکی پەرلەمانی ئەورووپا دێت کە داوای دانانی ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لیستی ڕێکخراوە "تیرۆریستییەکانی" یەکێتیی ئەورووپادا کردبوو.

پەسەند کراوەکانی پەرلەمانی ئەورووپا ئەرکھێن نین و تەنیا وەک پێشنیارێک بۆ ئەنجومەنی ئەورووپا دادەنرێن.

سەرپەیڤ