نیسان 14, 2023 06:44 Asia/Tehran
  • پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە دۆزی فەلەستین

لە دەستپێکی ڕۆژی جیهانیی قودس لە دوایین هەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند: پشتیوانی لە گەلی فەلەستین و دژایەتی کردنی ڕژێمی زایۆنی ئەرکی ئیمانی و ویژدانیی ئەفغانییەکانە.

جێگرانی والییەکانی بەدەخشان و سەمەنگان و بەرپرسانی زانیاری و ڕۆشنبیریی ویلایەتەکانی "جوزجان" و "کۆندوز" لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لە لێدوانی جیاجیادا، بەرگری لە قودس و پشتیوانی گەلی فەلەستینیان بە ئەرکی ئیمانی و ویژدانیی هەموو موسڵمانان زانی.

«نسار ئەحمەد ئەحمەدی» جێگری والیی بەدەخشان بە ئاژانسی هەواڵدەریی ئاوای ڕاگەیاند: قودس یەکەم قیبلەی موسڵمانانە لە جیهاندا و بەرگریکردن لێی ئەرکی هەموو موسڵمانێکە. ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند: پێویستە موسڵمانان لە تەنیشت گەلی فەلەستین بوەستن و ئەم وڵاتە لە داگیرکاری ڕزگار بکەن.

«داد خودا خادم» جێگری والیی سەمەنگانیش ڕایگەیاندووە، پێویستە خەڵکی موسڵمانی ئەفغانستان لە سەروبەندی ڕۆژی قودسدا پشتیوانیی خۆیان بۆ قودس و گەلی فەلەستین نیشان بدەن، ئەگینا ناحەقییەکی گەورەیان لە جیهانی ئیسلام کردووە.

«سەیفەدین موعەتەسەم» بەرپرسی زانیاری و ڕۆشنبیریی لە جەوزجانیش ڕایگەیاند: دوژمنانی ئیسلام ساڵانێکی زۆرە هەوڵی سوکایەتیکردن بەم ئایینە دەدەن، یان بە کێشانی کاریکاتێر یان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، یان بە هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی وەک قودس.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەرگریکردن لە شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان بەتایبەتی قودس ئەرکی ئیمانی و ویژدانیی هەموو موسڵمانێکە. ئێمە بە دڵ و گیان بەرگری لە قودس دەکەین و بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە لێنەبووراوانەی دڵکوێرانی کافر لە دژی قودس دەکەین.

«مئتعوڵڵا ڕۆحانی» بەرپرسی زانیاری و ڕۆشنبیریی لە کۆندوزیش ڕایگەیاند: گەلی موسڵمانی فەلەستین لە دۆخێکی خراپدایە، ئێمەی موسڵمانیش دەبێت لە بەر ڕێبازی خۆمان دەستی یەک بگرین و بەرگری لە موسڵمانانی ئەم وڵاتە بکەین و نەهێڵین مزگەوت و پەرستگەکانمان لە لایەن کافران و  بێباوەڕانەوە زیانیان وێ کەوێت.

 جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئیسلامی دەبێ فریای جەماوەری بێ دەرەتانی فەلەستین بکەون و لە زوڵمی ڕژێمی ئیسرائیل ڕزگاریان بکەن.

سەرپەیڤ