نیگەرانی دەربڕینی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گوێ ھەڵخستن بۆ وتووێژە تەلەفۆنییەکانی «گۆتێرێش» لەلایەن ئەمریکاوە
وتەبێژی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوەیە نیگەرانیی خۆی لە گوێ ھەڵخستن بۆ وتووێژە تەلەفۆنییەکانی «ئانتۆنیۆ گۆتێرێش» ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاربەدەستانی باڵای دیکەی ئەم ڕێکخراوەیە بە دەوڵەتی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ستیفان دوجاریک» وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕۆژی سێشەممە بە کاتی خۆجێیی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە ئەم کارانە بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنمەندییانەی ئەمریکایە کە لە جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا وەک وڵاتێکی میواندارە ھاتووە.
وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتیشی: ناڕەزامەندی دەربڕینمان بە شێوەی زارەکی و لە ڕێگای نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان گواستووەتەوە بۆ کاربەدەستانی دیکەی ئەم وڵاتە.
«دوجاریک» پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەکی زۆرە لە گۆڕەپانی سیاسەتدایە، بۆیە پێی سەیر نییە کە هەندێک کەس دەیانەوێت سیخوڕیی لێ بکەن یان گوێ بۆ گفتوگۆکانی ھەڵخەن.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارە جۆراوجۆرو یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ھێمن بوونی پەیوەندییەکانی ئەمینداری گشتی وتی: هەوڵدەدەین پەیوەندییەکان و گفتوگۆکانمان بپارێزین.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەڵگەنامەکانی پنتاگۆن کە لە کەشی مەجازی دا درکێندراون، ئەوەیان دەرخستووە کە ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی «ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش» دەکات.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لەم دواییانەدا سەبارەت بەو چوار بەڵگەنامەیەی کە لە بارەی گوێ ھەڵخستن بۆ گفتوگۆکانی «گوتێرێش» بڵاوبوونەتەوە، نووسیویەتی: ئەم بەڵگەنامانە باس لە وتووێژەکانی «گۆتێرێش» دەکەن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکردەکانی جیهان، لەوانە ھیوابڕینی لە «ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی» سەرۆکی ئۆکرانیا.