ئاب 26, 2023 16:03 Asia/Tehran
  • چین وێستگەی ئەتۆمیی بۆ سعودیە بونیاد دەنێت و رژێمی زایۆنی تۆقیوە

بەگوێره‌ى هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سعودییە هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازێکی چینی دەکات بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمیی لەو شانشینەدا، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕۆڵی دەبێت لەڕێگریکردن لەجێبەجێکردنی پلانەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەوپێیەی پێشتر سعودییە داوای هاوکاریی واشنتۆنی کردبوو بۆ دامەزراندنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنیی لەسەر خاکی وڵاتەکەی، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گریمانکراو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی زایۆنی.

 ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لەزاری بەرپرسانی ئاگاداری سعودییەوە نوسیویەتی، "کۆمپانیای نیشتمانیی ئەتۆمیی چینیی کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە، ئۆفەرێکی پێشکەشی سعودیە کردوە بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمیی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعودییە، لەنزیک سنورەکانی قەتەرو ئیمارات".

بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر ڕایانگەیاندبوو؛ هاوبەشکردنی تەکنەلۆژیای وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ سعودیە تەنها کاتێک دەکرێت کە ڕێککەوتنەکە ڕێگریی بکات لەپیتاندنی یۆرانیۆم یان دوبارە پرۆسێسکردنی پلۆتۆنیۆمی بەرهەم هێنراو لەڕیاکتۆرەکاندا، کە دوو ڕێگه‌ن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرپرسانی سعودییە دانیان بەوەدا ناوە کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ چین ڕێگایەکە بۆ هاندانی ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی سازش لەسەر داواکارییەکانی تایبەت بەنەهێشتنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی بکات.

هەروەک وتویەتی، "بەرپرسانی سعودییە وتویانه‌؛ ئەوان پێیان باشە کۆمپانیایەکی وزەی کۆریی سەر بەدەوڵەتی کۆریای باشور بەپسپۆڕی کارپێکردنی ئەمریکا ڕیاکتۆرەکانی وێستگەکە دروستبکات، بەڵام بەبێئەوەی ڕازیبن بەو مەرجانەی کە واشنتۆن بە گشتیی داوایان دەکات".

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی سعودییە ڕایانگەیاندوە؛ محەممەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە، ئامادەیە بەمزوانە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکە لەبارەی درووستکردنی وێستگە ئەتۆمییەکە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئەگەربێت‌و دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا شکستیهێنا".

ڕۆژنامەکە لەزاری وەزارەتی دەرەوەی چینەوە نوسیویەتی؛ پەکین بەردەوامدەبێت لەهاوکارییەکانی لەگەڵ سعودیە لەبواری وزەی ئەتۆمیی مەدەنییدا، هاوکات پابەند دەبێت بەڕێسا نێودەوڵەتییەکان بۆ بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمیی.

لای خۆیەوە، وەزیری وزەی رژێمی زایۆنی دژایەتیی خۆی بۆ بیرۆکەی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنیی سعودیە دەربڕیوە وەک بەشێک لەپلانەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان رژێمی زایۆنی ‌و سعودیە.

هەروەک پێشبینیشیکردوە واشنتۆن سەبارەت بەهەر ڕێککەوتنێکی ئەمریکاو سعودیە کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی هەبێت، راوێژیان پێبکات.

 

 

 

سەرپەیڤ