گۆتێریش: کوشت وبڕو بۆردومان و گەمارۆدانی خەڵکی سڤیلی غەززە دەبێ کۆتایی پێ بێت
ئەنتۆنیۆ گۆتێریش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: من لە هێرشکردنە سەر کاروانی ئامبولانسەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانەی ئەلشیفا ترس دایگرتم. کوشت وبڕو بۆردومان و گەمارۆدانی خەڵکی سڤیلی غەززە دەبێ کۆتایی پێ بێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێریش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە وتی: لەو ھێرشەی کە لە غەززەدا کراوەتە سەر ترۆمبیلەکانی فریاکەوتن لە دەرەوەی نەخۆشخانەی ئەلشیفا هەستی بە ترس و تۆقان کردووە. ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە لە داواکارییەکی دووبارەدا وتی: "کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و بۆردومان و گەمارۆدانیان دەبێت ڕابگیرێت".
ئێوارەی ڕۆژی هەینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەروازەی نەخۆشخانەی ئەلشیفایان بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ١٥ فەلەستینی شەهیدو دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفا ڕایگەیاند، تیمە پزیشکییەکان و فریاگوزارانیش لەنێو شەهیدەکاندان. بە وتەی ناوبراو، بەشێک لە بریندارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەهۆی نەبوونی مسۆگەرات و خزمەتگوزاری گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستیی غەززه ڕایگەیاند که ڕژێمی زایۆنی سێ نەخۆشخانەی ئەلشیفاو ئەلقودس و ئەندۆنیزیای له غەززه بۆردومان کردووە.