نیگەرانیی خاچی سوور لە بەردەوام بوونی جەنایەتەکانی زایۆنییەکان لە کەرتی غەززە
بەڕێوەبەری گشتیی خاچی سووری جیهانی نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بە خولی تازەی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە و بەردەوام بوونی کوشت و کوشتاری خەڵکی فەلەستین لەم ناوچەیە.
«رۆبێرت ماردینی» بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بە زیاتر بوونی رادەی پەلاماری ئاسمانی و تۆپخانەیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و ڕادەی کاولکاری و کوشتار لەم کەرتەدا.
بەڕێوەبەری گشتیی خاچی سووری جیهانی وتیشی: خەڵکی غەززە بۆ ئەوەی زیندوو بمێنن هەموو ڕۆژێ دەستەویەخەی قەیرانی کەمبوونی خۆراک و ئاون و ئەوە لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانەکانی غەززەیش بە کەمترین ئیمکانات کار دەکەن.
«رۆبێرت ماردینی» وتی: ئێمە ئامادەین بۆ هاسانکاری لە مامەڵەی دیلبەدیلدا، بۆ ئازاد کرانی هەژمارێکی زیاتر دیلی فەلەستینی و گەڕانەوەیان بۆ لای بنەماڵەکانیان. وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستینیش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند؛ لە ماوەی چەن کاتژمێڕی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنی بە ئەنجام دانی دەیان جەنایەت، بۆتە هۆی شەهید بوونی ١٩٣ کەس و بریندار بوونی ٦٥٢ کەسی دیکە لە غەززە. ئەم وەزارەتخانەیە پێیداگرت: هیچ ناوچەیەکی ئەمن لە غەززە بەدی ناکرێ بۆ خەڵکی مەدەنی و جەنایەت و تاوانەکانی داگیرکەران دژ بە خەڵکی سیڤیل ، بانگەشە درۆ و دەلەسەکانیان لەبارەی ناوچەی ئەمن بۆ خەڵکی مەدەنی ڕەت دەکاتەوە.