کانونی دوھەم 22, 2024 13:15 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، قسە و لێدوانی کاربەدەستانی حکومەتی ئەڵمان لەبارەی پێویستی ڕاوەستان بەرامبەر بە ئەفریقای باشوور لە دۆسییەی سکاڵاکەی ئەم وڵاتە لە ئیسراییل لەبەر ئەنجامدانی ژینۆساید لە غەززەی بە کردەوەیەکی بەدوور لە ئەخلاق و ڕەوشت زانی و بە قەبووڵنەکراو وەسفی کرد.

"ماریا زاخارۆڤا" ئەمڕۆ یەکشەممە وتیشی: بڕیاری حکومەتی ئەڵمان سەبارەت بە نەیارەتی کردنی سزاخواستەکەی ئەفریقای باشوور کە لە دادگەی نێودەوڵەتیدا ئیسراییلی تۆمەتبار کردووە بە ژینۆساید کردنی خەڵکی کەرتی غەززە، نەبووە هۆی سەرسووڕمانی ئێمە، لەبەر ئەوەی کە بەرلین تا بووە بەبێ بایەخدان بە دواهاتەکان، پشتیوانی لە ئیسراییل کردووە و پەیڕەوی ئەو دیسیپلین و یاسا و ڕێسایانەی بووە کە لە لایەن واشینگتۆنەوە دانراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەدا بە ئاماژە بە مێژووی ئەڵمان و جەنایەتی نازییەکان دژ بە مرۆڤایەتی، ئەم حکومەتەی بە پسپۆڕ و شارەزای مەسەلەی کۆمەڵکوژی پێناسە کرد و وتیشی: ئەی دەبێ چی بکەین لەو جەنایەتانەی کە ئەڵمان لە شەڕی دووەمی جیهانیدا دژ بە مرۆڤایەتی و هەموو گەلان کردی؟ 

زاخارۆڤا هەروەها بە ئاماژە بە نمونەگەلێکی کردەوەکانی حکومەتی ئەڵمان بەرامبەر بە خەڵکی غەززە، ئەفریقا و هەروەها پشتیوانی کردنی لە کییەف بەرامبەر بە مۆسکۆ، وتیشی: ئێمە ئەو کردەوە و  ئاکارەی حکومەتی ئێستای ئەڵمان بە قەبووڵنەکراو و بەدوور لە ئەخلاق دەزانین. 

ڕووسیا پێشتر پشتیوانی دەربڕیبوو لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور دژ بە ڕژێمی زایۆنی لە دیوانی دادی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بەوەی کە ئەم ڕژێمە لە غەززە ژینۆساید دەکات.

سەرپەیڤ