ئەفسەری هەواڵگریی پێشووی ئەمریکا: ئیسراییل لە شەڕی غەززەدا شکستی هێناوە
ئەفسەری هەواڵگریی پێشووی ئەمریکا وتی: ڕژێمی ئیسراییل نەگەیشتۆتە گرینگترین ئامانجی خۆی لە شەڕی غەززە کە تیابردنی حەماس بوو، لەبەر ئەوەی کە ئیستایش هەر بەردەوام بوونی هەڵمەتەکانی حەماس دەبینین و دۆڕاوەی ئەم شەڕە ئیسراییلە.
سکۆت ڕەیتێر لە وتووێژێکدا وتی: ڕژێمی ئیسراییل لەم شەڕەدا هەندێ ئامانجی بۆ خۆی دیاری کردبوو کە گرینگترینیان تیابردنی فیزیکیی حەماس وەک ڕێکخراوێکی سەربازی و بنەبڕ کردنی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی بوو، بەڵام پاش چار مانگ حەماس نەک هەر ماوە، بەڵکوو ئەوە حەماسە کە هەم لە گۆڕەپانی سەربازی و هەم لە گۆڕەپانی سیاسیدا سەرکەوتووی مەیدانە.
ئەم ئەفسەرەی پێشووی دەزگەی هەواڵگریی سوپای ئەمریکا دەڵێ کە تێلاڤیڤ لە هەموو ئاستێکی ئەم شەڕە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەدا شکست دێنێ و دۆڕاوی مەیدان دەبێ و بێتوو ئەمڕۆ لە غەززە، کەرتی ڕۆژاوا و دەرەوی، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێ، ئەوە حەماسە کە سەردەکەوێ، لەبەر ئەوەی کە تەنیا ڕێکخراوێکی فەلەستینییە کە کارایە و خوازیاری پێکهاتنی وڵاتی فەلەستینە.
سکۆت ڕەیتێر راشیگەیاند؛ ئەمڕۆ حەماس زیاتر لە هەر کات و ساتی دیکە لای فەلەستینییەکان پلە و پێگەی بەرز بۆتەوە و خەڵکی فەلەستینیش زیاتر لە هەر کات و ساتی دیکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕەوایەتی و شەرعییەتیان پێ بەخشراوە.
ناوبراو وتیشی: سەردەمی پێشپێگریی ئۆتۆماتی ئەمریکا لە جیهانیش ئیتر کۆتایی هاتووە.