ئیسراییل برسێتی وەک چەکێکی کۆکوژ بەکاردێنێ
ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی خۆراک و خواردن وتی کە داگیرکەران لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە لە غەززەدا برسێتییان وەک چەکێک بەکارهێناوە و کۆکوژییان پێ کردووە.
"مایکل فەخری" ڕایگەیاند: ئیسراییل بە ئاشکرا و بەشێوازی سیستماتیک ناهێڵێ خەڵکی مەدەنیی غەززە دەستیان بگاتە خۆراک و خواردن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە دوابەدوای ئەوەی داگیرکەران پێشیانگرت بە گەیشتنی ئاو و خۆراک بە غەززە، قات و قڕی لەم ناوچەیە ڕوویدا، پێیشیداگرت: دوایین ڕێژە و ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە نزیکەی چوار یەکی حەشیمەتی غەززە بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن و ئەو باقیشی تووشی بەدخۆراکی بوونە.
فەخری بە ئاماژە بەوەی کە هیچ ناوچەیەکی شەڕ و پێکدادانی دیکە نییە کە وەک غەززە دەسڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و خۆراک ئەوەندە ئەستەم بێ، وتیشی: ئیسراییل سیستەمی خۆراک و خواردنی غەززە تیا دەبات و خۆراک وەک چەکێک دژ بە خەڵکی فەلەستین بەکاردێنێ. هەموومان دەزانین کە ئێستا لە غەززەدا دوو ملوێن و دووسەد هەزار کەس برسین.