سێناتۆری ئەمریکی: چیدی پارە نادەین بە مەکینەی جەنگی نەتانیاهو
سێناتۆرێکی سەربەخۆی ئەمریکی وێڕای ڕەخنەگرتن لە کوشت وبڕی منداڵانی فەلەستینی وتی: چیدی پارە نانێردرێ بۆ مەکینەی جەنگی سەرۆک وەزیرانی رژیمی ئیسرائیل.
سێناتۆر "بێرنی سەندرز" وتی: ئەمریکا ناتوانێ هاوبەشی کۆمەڵکوژیی منداڵانی فەلەستینی بێ.
ناوبراو جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی کۆشکی سپی کرد، ناردنی یارمەتیی سەربازی و لۆجستی بێ شەرت و مەرج بۆ رژیمی ئیسرائیل بوەستێنن.
ئەو سێناتۆرە سەربەخۆیەی ئەمریکا وتی: شەڕی غەززە، "قەیرانێکی کەم وێنە"یەو مەسەلە، بەس سی هەزر فەلەستینیی کوژراو نیە کە سێ دووی ئەوان ژن و منداڵن، بەڵکوو ئێمە خەریکی تاووتوێی ئەگەری مردنی بەسەدان هەزار منداڵین لە ناوچە فەلەستینیەکان لەبەر برسێتی.
سێناتۆری سەربەخۆی ئەمریکا هەروەها وتی: دەوڵەتی ئەمریکا نابێ لەبەر بێنیامین نەتانیاهو، بپاڕێتەوە. دەبێ پێی بڵێین، ئەگەر پارەت دەوێ، دەبێ سیاسەت بگۆڕی و ڕێگە بدەی بارهەڵگرەکان بۆ گەیاندنی خۆراک بە منداڵان، بێنەنێو غەززە.