نیسان 07, 2024 09:00 Asia/Tehran

"کاترین ڕاسێل" سەرۆکی سنووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند کە شەڕ لە غەززە زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵی کوشتووە و ژمارێکی یەژکجار زۆریشی لێ بریندار کردوون.

ڕاسێل هەروەها وتیشی: ماڵەکان، خوێندنگەکان و نەخۆشخانەکان تەواو خاپوور کراون. مامۆستایان، پزشکان و  چالاکانی مافی مرۆڤ کوژراون. قات و قڕی نزیک بۆتەوە. ئاست و خێرایی کاولکاریی تۆقێنەرە. منداڵانی غەززە ئێستا پێویستیان بە ئاگربڕە. سەرۆکی یونیسێف ڕەفەحی بە شاری منداڵان ناو برد و جەختیشی کرد کە سەدان هەزار منداڵی برسی لەم شارەدا گەمارۆ دراون و لە مەترسی وەبەر پەلامارکەوتندان.

«جەیمز ئێڵدێر» وتەبێژی یونیسێفیش وتی: ئێستاکە ٦٠٠ هەزار منداڵ لە ڕەفەحدان کە گەمارۆ دراون و لە مەترسی وەبەر پەلامارکەوتندان و هیچ جێگایەکیان نییە پەنای بۆ ببەن.

وتەبێژی یونیسێف وتیشی: هیوا خەریکە لە غەززە بە تەواوەتی لە بیردەکرێ و لە وشەدانی ئەم خەڵکە دەسڕدرێتەوە. ئەوەی هەستی باوک و دایکایەتی لە دەروونیدا هەیە و نیگەرانی منداڵەکانیەتی، یان بڕوای بە پێویستی پارێزرانی منداڵان لە شەڕ هەیە، دەبێ هەوڵ بدات بۆ کۆتایی هێنان بەم ئێش و ئازارەی لە ڕەفەحدا بەرۆکی منداڵانی گرتووە. ئاسایشی خۆراکی لە غەززە لەم ڕۆژانەدا بەرەوڕووی مەترسییەکی قورس بۆتەوە و ڕێکخراوی خۆراک و کشت و کاڵی فائۆ لە پەیامێکدا دۆخی ئاسایشی خۆراک لە کەرتی غەززەی بە گەلێک نالەبار وەسف کردووە. 

سەرپەیڤ