لایەنگرانی فەلەستین لە وڵاتانی جۆربەجۆر، جارێکی دیکە هاتنەسەر شەقامەکان
خۆپێشاندان لەدژ ژینۆسایدی رژیمی زایۆنی لە غەززە، لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بەڕێوە چوو.
هاوکات لەگەڵ دیداری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، لەگەڵ "بێنیامین نەتانیاهو"ی سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنیستی، لە "فلۆریدا"ی ئەمریکا لایەنگرانی فەلەستین لەبەردەم شوێنی چاوپێکەوتنیان، خۆپێشاندانیان کرد. خۆپێشاندەران بە دانی دروشم و هەڵگرتنی پارچەنووسراوەو ئاڵاکانی فەلەستین، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر دیداری نەتانیاهو و ترەمپ پێشان دا. خەڵکی ئوردونیش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە درێژەی شەڕی دژ بە کەرتی غەززەو درێژەی ژینۆسایدی زایۆنییەکان، خۆپێشاندانیان کرد.
لە خۆپێشاندانی خەڵکی یەمەنیش، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا سەرباری پەلامارە ئاسمانییەکانی رژیمی ئیسرائیل بۆسەر حودەیدەی یەمەن، جارێکی دیکە جەختی کرد لەسەر پاڵپشتی کردنی لە خەڵکی فەلەستین لەهەمبەر جەنایەتەکانی رژیمی ئیسرائیل. هەروەها خەڵکی یەمەن هاتنەسەر شەقامەکانی حودەیدە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە توندوتیژییەکانی رژیمی زایۆنیستی و هەروەها هاودەنگیی دەربڕین لەگەڵ خەڵکی فەلەستین . لایەنگرانی فەلەستین لە سویدیش جارێکی دیکە وێڕای شەرمەزارکردنی تاوانەکانی رژیمی زایۆنی، خوازیاری راگیرانی شەڕ لە غەززە بوون.