کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی لوبنان
کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە داخوازی فەرەنسا بۆ لێکدانەوەی پەلامارەکانی ئەمدواییەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو و فەرەنسا پێشنیاری ئاگربڕێکی کاتیی ٢١ ڕۆژەی دا بە هاوکاریی ئەمریکا لە پێناو گەیشتنە ئاگربڕێکی هەمیشەیی.
لە دەسپێکی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئانتۆنی گۆتێرێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لوبنان لە سەروبەندی شەڕێکی کاولکەردایە و ژمارێکی یەکجار زۆر لە خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ئیسراییلیش بەردەوامە لە پەلامارە قورس و بێبەزەییانەکانی.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختی کرد کە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە سنووری لوبنان بە شێوەیەکی بەربڵاو بنپێ کراوە و هەروەها پاش تەقینەوەی پەیجرەکان لە لوبنان، ئاگری شەڕ و کێشە تەواو بڵێسەی سەندووە.
"ستێفان سێژوورنێ"ـی وەزیری دەرەوەی فەرەنسایش لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند: ئێمە بە هاوکاریی ئەمریکا هەوڵ دەدەین بۆ دامەزرانی ئاگربڕێکی کاتی لە لوبنان بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ، تا ئەو کاتەی هەلی بەڕێوەچوونی دانوستان دەڕەخسێ.