وشداری نوێنەرانی ئەورووپا بە حکومەتی کاتیی دیمەشق
نوێنەرانی ئەورووپا لە پەیامێکدا وشداریان داوە بە حکومەتی کاتیی جۆلانی کە پێویستە دۆخی ئەم وڵاتە بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و دەستبەجێ کۆتایی بهێندرێ بە کردەوەکانی کەسانی چەکداری تووندڕەو.
سێ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا بۆ ئەسعەد ئەشەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی دیمەشق، ڕایانگەیاندووە کە پێویستە ڕەوشی ئەم وڵاتە ئارام ببێتەوە و ڕێگری لەو پەلامارە سەرەڕۆیانەی بکرێت کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە جۆلانی دەکرێتە سەر عەلەوییەکان و گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا.
لەم پەیامەدا وشدار دراوە بە حکومەتی دیمەشق کە بێتوو دیمەشق ڕێوشوێنی جیددی نەگرێتەبەر لە وەڵامی ئەم وشدارانەدا، پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دیمەشق ڕادەگیرێت و بە ڕوونی باس لەوەش کراوە کە نابێت ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە سوریا بە بێ کاردانەوە بمێننەوە، هەروەها داوا لە حکومەتی کاتیی دیمەشق کراوە تاوانباران بگرن و سزایان بدەن.