نەتەوە یەکگرتووەکان: پلانی داگیرکردنی غەززە دەبێت خێرا بوەستێت
کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە بڕیاری کابینەی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە داگیرکردنی غەززە ڕایگەیاند کە پلانەکەی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ دەستگرتنی تەواوی سەربازی بەسەر ئەم ناوچەیە دەبێت خێرا بوەستێنرێت.
ڤۆڵکەر تورک وتی: ئەم پلانە دژ بە بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتی دادە سەبارەت بەوەی کە ئیسرائیل دەبێت هەرچی خێراتر کۆتایی بێنێت بە داگیرکارییەکانی. ناوبراو هەروەها ئەم مەسەلەی دژ بە جێبەجێکرانی ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی و پێشێلکردنی مافی فەلەستینییەکان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان زانی. کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی کە ڕژێمی ئیسرائیل دەبێت ڕێگای فریاگوزاری بێسنوور و گەیشتنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بە غەززە بدات. گرووپە فەلەستینییەکان دەستبەسەرکراوانی ئیسرائیل بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک ئازاد بکەن و ئیسرائیلیش هەموو ئەو فەلەستینیانەی ئازاد بکات کە بە سەرەڕۆییەوە قۆڵبەستی کردوون. کابینەی ڕژێمی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی پێشنیازەکەی نەتانیاهۆ سەبارەت بە داگیرکردنی کەرتی غەززەی پەسەند کرد.