ته‌مووز 06, 2017 10:26 Asia/Tehran
  • پەیامی پیرۆزبایی ئایەتووڵڵا سیستانی بە بۆنەی ڕزگار کرانی موسڵ

حەزرەتی ئایەتووڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی ئێراق لە پەیامێکدا ڕزگار کرانی موسڵ (باکووری ئێراق) لە ژێر دەستی داعشی پیرۆزبایی کرد.

بە پێێ ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕەسا؛ "عەبدولغەنی ئەسەدی" یەکێک لە فەرماندەرانی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنی موسڵ بە ئاماژە بە پێوەندیی تەلەفووونیی شێخ "عەبدولمەهدی کەربەلایی" نوێنەری ئایەتووڵلا سیستانی و لێکدانەوەی باروودۆخی موسڵ پاش ڕزگار کرانی ئەم ناوچەیە وتی؛ ناوبراو پەیامی پیرۆزبایی ئایەتووڵلا سیستانی ڕاگەیاندووە بە فەرماندەران و خەباتکاران و هەروەها جەختی کردووە لە سەر داکۆکیی مادیی و مەعنەویی لەم هێزانە.

ئەسەدی ڕایگەیاند؛ هێزە ئێراقییەکان ئێستایش هەر سوور و پێداگرن لە سەر پەیمان و بەڵێنی خۆیان لەمەڕ پەیڕەوی کردن لە مەرجەعییەت و خەباتی دژ بە تیرۆریزم.

هێزە چەکدارەکانی ئێراق ئێستا خەریکی ڕزگار کردنی دوایین گەڕەکەکانی ژێر چنگی داعش لە شاری کۆنی موسڵ لە لای چەپی چۆمی دیجلەن و چاوەڕی دەکرێ بەم زوانە سەرکەوتنی تۆکمە و تەواو و یەکجاری لە موسڵ راگەیەندرێت.

هێزە ئێراقییەکان پێنجشەممەی ڕابردوو (٢٩ی ژوەنی ٢٠١٧) گەیشتنە مزگەوتی نووری لە ڕۆژاوای موسڵ و بە وتەی "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق، ئەم سەرکەوتنە بە مانای بنەبڕ کرانی داعش لە موسڵ دەبێ.

سەرپەیڤ