ژماردنی بە پێچەوانە بۆ ڕاگەیاندنی ڕزگار کردنی یەکجاریی موسڵ
هێزە هاوبەشەکانی عێراق گەییشتنە ناوچەی ئەلشەهوانی هەتا گەڕەکەکانی دیکەی بەشی کۆنی موسڵیش لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستی داعش ڕزگار بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم، هێزەکانی عێراق هەروا خەریکی ڕاوەدونانی بەرماوەی تیرۆریستانن لە گەڕەکەکانی «المیدان»و«الشهوانی» و «باب الشط» لە لێوارەکانی چۆمی دیجلە لە بەشەکۆنەکەی ڕۆژئاوای موسڵ.
هەر لەم حاڵەدا هێزەکانی عێراق ڕۆژی هەینی توانییان ناوچەی ئیمام غەربی لە گیارە هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای موسڵ گەمارۆ بدەن. کەناڵی هەواڵیی مەیادین وای بڵاو کردووەتەوە کە لەم ناوچەیەدا بیست چەکداری خۆکوژی داعش سەقامگیرن.
سەرچاوەیەکی میدیایی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە: فەرماندەرانی مەیدانیی چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی فەرمیانەی ڕزگار کردنی یەکجاریی موسڵن لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و سەرکردەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.
ئینجا سەرکردایەتیی هەڵمەتی هاوبەشی هێزەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە، یەکە هاوبەشەکانی عێراق هەروا لە گەڕەکی ئەلتەحریری بەشە کۆنەکەی موسڵ خەریکی پێشڕەوین و هەڵمەتی ڕزگار کردنی بست بە بستی خاکی موسڵ هەتا گەییشتن بە ئاوەکانی چۆمی دیجلە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم، چەند ڕۆژو لەوانەشە تەنیا چەند کاژێرێکی مابێت بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق ڕزگار کرانی یەکجاریی موسڵ ڕابگەیەنن، چونکو هێزە هاوبەشەکانی عێراق پێشڕەویی خۆیان لە تەواوای دەڤەرو مەڵبەندەکان بۆ ڕزگار کردنی پاشماوەی ناوچە داگیرکراوەکانی بەشی کۆنی موسڵ بەردەوام دەکەن.
هاوکات، هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا بە ڕێکخستن و پشتیوانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق چەسپاندنی ئاسایشتی چۆمی دیجلەیان گرتووەتە ئەستۆ، بە جۆرێک کە ئەو تیرۆریستانەی وا لە هێڵەکانی پێشەوەی تێکهەڵچوونەکان هەڵدێن و بە مەلەو یان بە هۆی بەلەمە چکۆلەکانەوە لە چۆمی دیجلە دەپەڕنەوە ڕاوەدەکەن و دەیانپێکن.
بەقسەی موحەممەد خزری وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی عێراق بڕێک لە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی گردوپەڕی چۆمی دیجلە کە قامیشەڵانە خۆیانیان شاردووەتەوە، بەڵام شوێنی خۆشاردنەوەکەیان بەرەبەرە ناس دەکرێ و ئاشکرا دەبێت.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەرەتای دەستپێکی تێکهەڵچوونەکانەوە لە بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ هەتاکو ئێستا دەیان ترۆمبیلیان کە داعش بۆمبی تێدا ئاخنیون دۆزیوەتەوەو دەستیان گرتووە بەسەریاندا. بە قسەی سەرکردەیەکی خۆجێیی ڕێکخراوەی پۆلیسی ناوەندیی عێراق، داعش ئەو ترۆمبیلانەی بۆ تەقاندنەوە ئامادە کردبوون، کەچی هێزەکانی عێراقی بەو دەست و بردەی خۆیانەوە دوژمنیان خافڵگیر کردووە دەرفەتی ئەوەی نەداونەتێ کە بیانتەقێننەوە.
هاوتەریب لەگەڵ هەڵمەتی سەربازی لە دەڤەری ڕۆژئاوای موسڵ، هێزە ئاسایشتییەکانی عێراقیش توانیویانە ئەو بنەماڵە ئاوارانەی کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە بارمتە گیراون لە چنگی داعش ڕزگار کەن. ئەم بنەماڵە عێراقیانە سەرەڕای گرفتی ئاسایشتی لە بەر برسیەتی و نەبووتی خۆراکیش لەو بەندیخانەیەی کە تیرۆریستانی داعش بۆیان دروست کرد بوون تەنگیان پێ هەڵچنرا بوو.
هەڵمەتی ڕزگار کردنی شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە ژێر ڕکێفی داعش لە حەڤدەی ئۆکتۆبەری دووهەزارو شانزەوە بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە بەشداریی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستی پێ کراوە ئەم هێزانە توانییان لەماوەی نزیکەی سەد ڕۆژدا بەشی ڕۆژهەڵاتی موسڵ بەتەواوی ڕزگار بکەن. هەڵمەتی ڕزگار کردنی بەشی ڕۆژئاوای موسڵیش لە فڤریەی 2017 دەستی پێ کرا لە حاڵی ئێستادا زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای موسڵ لەژێر ڕکێفی داعش ڕزگار کراون و هێزەکانی عێراق هەوڵ دەدەن ئەو ناوچە کەمانەش کە هێشتا لەژێر دەستەڵاتی داعش دا ماون ڕزگار بکەن.