May 12, 2018 08:21 Asia/Tehran
  • فوئاد مەعسوم: ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق گۆڕانی تێدابکرێ

سەرۆک کۆماری عێراق لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا ڕایگەیاند، ئەگەری هەندێ گۆڕان لە سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەئارادایە.

بەپێی راپۆری کەناڵی ئەلمەیادینی لوبنان، فوئاد مەعسوم دوێشەو(هەینی) لەبارەی سیستەمی سیاسیی عێراق وتی: سەرۆک وەزیرانی عێراق بەگوێرەی زۆرینەی دەنگ، بۆ شیعەکانە بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە چەند ڕێککەوتنێک بکرێ لەسەر سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی سیستەمی سیاسیی عێراق، سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەڕیز هی شیعە، کورد و سوننەکانەو لەچەند مانگی ڕابردوودا ئەگەری گۆڕان لە سەرۆک پەرلەمانی و سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە.

ژمارێک پارت و لایەنی کورد وسوننە لەم دواییەدا ئەو پێشنیارەیان خستووەتە ڕوو کە سەرۆک کۆماری بسپێردرێتە دەست سوننەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش بدرێ بە کوردەکان.

سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها لەبارەی کاندیدا نەبوونی لە هەڵبژاردنەکانی بەردەمدا وتی: هیچ کەندو کۆسپێکی سیاسی لەبەردەمدا نییەو تەنیا ویستوویەتی بوار بۆ کەسانی دیکە خۆش بکات.

سەرۆک کۆماری عێراق پێی داگرت: هیچ زۆرەملییەک بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق لەئارادانییەو نابێ هیچ کام لە کەمینە ئەتنی ومەزهەبییەکان بێ بەش بکرێن لە هاوبەشبوون لە هەڵبژاردنەکان.

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی٢٠١٨ی عێراق، یەکەم هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە پاش شکست هێنانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و دووهەم هەڵبژاردن پاش کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی٢٠١١ دێتە ئەژمار. ئەمڕۆ شەممە ١٢ی مای ٢٠١٨، چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لەناو ئەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێ.

سەرپەیڤ