بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ھەینیی مافەکان لە عێراق دا
خۆپیشاندانی ھەینیی مافەکان لە سەرتاسەری پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دا بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، چالاکوانانی مەدەنی و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بە دروشمی هەینیی مافەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەر ئەم ژێدەرانەی عێراق، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی رۆژی هەینیی داھاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە بەغدا و بەسرە و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دژی نەبوونی هەلی کار و کەمیی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی ئەنجام بدەن.
ھەر لەم پەیوەندییەدا عەلی ئەسەدی، لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی بەسرە رایگەیاندووە: لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان بۆ یەکخستنی خۆپیشاندانەکان و دروشم و داواکارییەکانیان و رەخساندنی کەشی لەیەکگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشت دا بۆ ئەوەی چیتر روبەڕوبونەوە و قوربانی لە خۆپیشاندانەکان نەکەوێتەوە و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێگەی خۆی بگرێت.
بەوتەی چالاکوانان، بۆ خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی هەینی، بەربەستی ئاشتیی دروست دەکرێت بۆ رێگری لە پێکدادان و روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشت و رێگرتن لەهەر روداوێکی نەخوازراو.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستی پێکردووە و بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، تائێستا (١٢) کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و (٥٧١) کەسیش بریندار بوونە، کە لەناو بریندارەکاندا (١٩٥) هاوڵاتیی مەدەنی و (٣٧١) ئەندامی هێزەکانی ئاسایشتیش بەدی دەکرێت.
ھەر لەم پەیوەندییەدا هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدرو سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیش پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکان کردووەو بە یاسایی و دەستووریی زانیون.
ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەکەیەوە بڵاو بووەتەوە جەختی کردووە: ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دا بەڕێوەدەچن، دەستووری و یاسایین.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر پێی لە سەر ئەوەش داگرتووە کە ڕێکخراوەکەی پشتیوانیی خۆپیشاندانەکان دەکات، چونکە داوای سادەترین مافە رەواکانی گەل دەکەن. ھادی عامری داوای لە حکومەتی عێرقیش کردووە کە، بەدەم داواکاریی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و بەزووترین کات جێبەجێیان بکات.
پارێزگەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو شایەتی ناڕەزایەتیی گشتی بەرامبەر بە ڕەوشی ئاڵۆزی خزمەتگوزاری و بێکاریی لاوانی عێراقی بووە .
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پێشتر لە فەرمانێکی حەوت خاڵی دا لەسەر پێڕاگەیشتنی خێرای داواکاری و گرفتی خەڵکی عێراق پێی داگرتبوو .