تشرینی دووه‌م 23, 2018 17:45 Asia/Tehran
  • حیزبوڵڵای عێراق : ئەمریکا بوار خۆش دەکا بۆ هاتنی داعش بۆ نێو خاکی عێراق

وتەبێژی گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراق وتی: ئەمریکا بوارخۆش دەکا بۆ هاتنی تیرۆریستانی داعشی لە سووریاوە بۆنێو خاکی عێراق.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ هەینیی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەیادین؛ "جەعفەر حوسێنی" وتەبێژی گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراق وتی: ئامانجی جم و جۆڵەکانی ئەم دواییەی دەس و پێوەندییە بەجێماوەکانی داعش لە سنورەکانی عێراق و سوریا، ئاڵۆزکاو پێشاندانی ناوچە سنورییەکانە.

ناوبراو پێی داگرت: گوردانەکانی حیزبوڵڵا لە تەنیشت هێزە حکومەتییەکانی عێراق کۆنترۆڵی ناوچە سنوریەکان لەگەڵ سوریایان لەدەست دایەو هەرچەشنە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بە داگیرکەریی دەزانن.

هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لەماوەیەک لەوەپێش بۆ دابین کردنی ئاسایشی سنورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا لەو ناوچەدا جێگیر بوون.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپی تیرۆریستیی داعش خۆی گەیاندە سنورەکانی سوریاو عێراق، بەبڕوای شارەزایان، ئەو جم و جۆڵانە لە ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەهاوکاریی ئەمریکا بۆ پاراستنی پاشماوەکانی داعش و ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لە سوریا ئەنجامی گرتووە.

لەهەواڵێکی دیکەدا، ئیدارەی هەواڵگریی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی عێراق بەئاماژە بە کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای گرووپی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای سەلاحەدین ڕایگەیاند کە ئەو تیرۆریستە مەترسیدارە ناسراو بە"ئەلکتکوت" لە تێکهەڵچوونی یەکەی هەواڵگریی سەربازیی سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنی سەلاحەدین لەگەڵ تیرۆریستان لە دوورگەی "شرقات" لەو پارێزگایە کوژراوە.

عێراق دیسەمەری٢٠١٧ ڕزگارکرانی خاکی ئەو وڵاتە لەچنگ تیرۆریستانی داعشی ڕاگەیاند بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هەروا بۆ پاکتاوکردنی ناوچە جیاجیاکانی عێراق لە پاشماوەکانی داعش هەوڵ دەدەن.

سەرپەیڤ