سەرۆک کۆماری عێراق: پێویستە چارەنووسی زیاتر لە 2500 ئێزدی بێسەروشوێن دیاریبکرێت
سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئاب سەرپەرشتی کۆنگرەی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەنوسی ئەو 2500 ئێزدییە دیاریبکات کە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن، لە کۆی شەش هەزار ئێزدی ڕفێنراو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە وتارێکدا لە یادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا لەلایەن داعشەوە ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆست پشتیوانی عێراق بکەن و بەرنامەیەکی کردەییان هەبێت بۆ سوککردنی ئەو نەهامەتییانەی کە تووشی هاوڵاتییانی عێراقی و ئێزدییەکان بوونەتەوە.
بەرهەم ساڵح وتی، دەبێت سەرجەم لایەنەکان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان هاوکار و پاڵپشتی حکوومەت بکەن تاوەکو زانیاری کۆبکرێتەوە لەسەر ئەو 2500 هاوڵاتییە ئێزدییەی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن کراون، لە کۆی شەش هەزار هاوڵاتیی ئێزدی ڕفێنراو لەلایەن داعشەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی، هەروەها دەبێت جارێکی دیکە دەستبکرێت بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لە شەنگال هەیە و ژمارەیان 80 گۆڕی بەکۆمەڵە کە داعش دروستی کردوون و هاوڵاتییانی ئێزدی تێدا کۆمەڵکوژ کردوون، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئامادەبوونی تیمی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت ئەنجام بدرێت.
بەرهەم ساڵح داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە ئەو یاسایە پەسەند بکات کە تایبەتە بە ئەو ژن و منداڵە ئازادکاراوانەی شەنگال کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون کە پرۆژە یاساکە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە کە هەوڵی تەواو دەدەن تاوەکو ئاوارەکانی شەنگال لە بارودۆخێکی گونجاودا بگەڕێنرێنەوە سەر شوێن و زێدی خۆیان.بەرهەم ساڵح وتیشی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بەپێی یاساکانی ئەجوومەنی ئاسایش لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش بکات و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی داعش بکات کە ئێستا بەشێکیان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکراون.
سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، لە ئاستی ناوخۆشدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەس و لایەنانە بکرێت کە کەمتەرخەمبوون لە کاتی هاتنی داعش و بوونەتە هۆکارێک بۆ داگیرکردنی خاک و ناوچەکانی عێراق لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە.