ئاب 13, 2020 18:12 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی تازەی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق سەبارەت بە ھێرشەکانی تورکیا

سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکی تازەدا جەختی کرد: ھێزەکانی ئەم وڵاتە توانایی پێویستیان بۆ بەرەڤانی کردن لە وڵات لە ھەمبەر ھەرچەشنە شاڵاوێکی بیانی ھەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، سەرلەشکر «تەحسین خەفاجی» وتەبێژی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق  لەم بەیاننامەیەدا جەختیشی کرد: ھەنگاوەکەی تورکیا لە بە ئامانج گرتنی ئەفسەرانی عێراقی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی سنوروانی دا، کاریگەریی نەرێنی لە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھە ردووک وڵات دەبێت. ناوبراو وتیشی: ھێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر سنووروانانی عێراقی ھەنگاوێکی مەترسیدارەو بە واتای بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکەمان لێکی دەدەینەوە»

ئەم کاربەدەستە پایەبەرزە لەشکریەی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە، فەرمان و تەگبیرگەلێک لە ئارادایە کە لەوانەیە لە تۆڵەی شاڵاوەکەی سێ شەممەی ڕابردووی تورکیا لە لایەن سەرۆک وەزیران و سەرکردایەتیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەربکرێت.

خەفاجی ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق  بە بەشداریی وەزارەتخانەکانی بەڕەڤانی و نێوخۆ وتووێژ لە بارەی شوێنھاتی ھێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراقی لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەست پێ کردووە.

سەرپەیڤ