رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر خاڵە گومرگیەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رازی بووە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە گومرگییەکانی عیراق بێنە نێو گومرگەکان.
رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "دوای بێ ئومێدبونی هەرێم لە هەموو هەوڵێکی بۆ فشارخستنەسەر بەغدا، تا پارەی بەلاشی بۆ بنێرێت، دواجار هەرێم رازی بوو دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە گومرگیەکانی عیراق بێنە نێو گومرگەکانی هەرێمی کوردستانەوەو نیوەی داهاتی گومرگەکانیش تەسلیمی بەغدا بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەبەرامبەریشدا، بەپێی ئەو رێککەوتنە کۆنەی پێش چەند رۆژێک هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان لەسەر کردبوو، بەڵام لە دواساتدا هەرێم کشایەوە، بەغدا بەپێی داهاتی بەردەستی، چەند جارێک 320 ملیار دینار تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم دەنێرێت.
لەبارەی پلانی داهاتو بۆ رەوانەکردنی پارە لە بەغداوە، رێبوار کەریم باسی لەوەشکردوە، "دواتر بەپێی یاسای بودجەی 2021 بڕیار لەسەر چارەنوسی پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت".
دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکنزیککردنەوەی هەرێم و بەغداد، شەوی رابردو مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەرکردنى کێشەکان ڕێککەوتن، بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی یٔێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە موچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.