شاندێکی باڵای عێراق بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت، ئامانجی شاندەکە بەمەبەستی ئامادەکارییە بۆ سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئیخلاس دلێمی، پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، شاندی عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە راوێژکارانی بارزگانی و ئابوری و شارەزایی پەیوەندییەکانی بەغدا-واشنتن لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەرەو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، شاندەکەی حکومەتی عێراق لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابوری و ئەمنی تاوتوێ دەکەن.
پێشوتریش کۆشکی سپی رایگەیاند، 20ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات .