قوباد تاڵەبانی: ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد دەرئەنجامی چەندین مانگ دانوستان بوو
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئاب، ڕایگەیاند ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، دەرئەنجامی چەندین مانگ لە دانوستانی نێوان هەردوولا بوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە کۆپییەکی گەیشتووە بە تۆڕی میدیایی ئێستا، قوباد تاڵەبانی لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ نزیکەی 25 کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێم کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەنراوەکدا هاتووە، "قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا گرنگیی ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەولێر و بەغدادی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامی چەندین مانگ لە دانوستانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بووە".
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی باسی لەوەش کردووە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە، "بەڵام بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی دروست بووە ئەم ڕێککەوتنە بناغەیەکی باشە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی گشتگیر، بەپێی دەستوور کە ئامانج و کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی دارایی هەرێم و پرۆسەی چاکسازییەکان کرا، جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد هەرچەندە بەهۆی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابورییەکانییەوە هەرێمی کوردستان تووشی گرفت بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر بەرنامەی چاکسازی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی داوای لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێم کردووە، کە هاوکاری حکومەتی ھەرێم بن بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاکە.