ئاب 20, 2020 10:52 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی عێراق وتووێژ لەگەڵ پەمپێئۆی بە کاریگەر زانی

«فۆئاد حسەین» وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق شەوی پێنج شەممە لە توییتێکدا دیدارەکەی لەگەڵ «مایک پەمپێئۆ»ی ھاوتای ئەمریکیی خۆی بە کاریگەرو ئەرێنی نرخاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ ئەنجام دانی خولی دووھەمی وتووێژە ستراتژییەکانی بەغدا_واشێنگتۆن لە پێتەختی ئەمریکا دیدارو وتووێژیان کرد.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق لە توییتەکەی دا نووسی: ئەمڕۆ لە واشێنگتۆندا دیدارو وتووێژێکی دوو قۆڵیم لەگەڵ «مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ھەبوو. ناوبراو ئەو دیدارەی کاریگەرو ڕاشکاوانەو ئەرێنی نرخاندووەو وتووشیەتی: دەرەنجامی وتووێژەکان بە قازانجی ھەرددوک وڵات دەبێت.

«فۆئاد حسەین» لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ «مایک پەمپێئۆ» لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا دوای ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەکارھێنانی میکانیزمی پەلەپیتکەی دژی ئێران بۆ ھەموو وڵاتان بە کەڵک زانی، وتی: ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، ھەر لە بەر ئەمەش پەیوەندی جوگرافیایی، ڕۆشنبیری و ئابووریی نێوان ئێران و عێراق گەرم و گوڕە.

ناوبراو وتووشیەتی:سیاسەتی دەرەوەو بە گشتی سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە ڕێک و پێک کراوە. ئێمە خوازیاری پەیوەندییەکی باشین لەگەڵ دراوسێکانماندا. کەس خۆی لە کاروباری عێراق دا ھەڵناقورتێنێ و ھەر چەشنەبڕیارێک بۆ کاروباری عێراق لە لایەن خودی عێراقییەکانەوە دەدرێت.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق پێی لە سەر ئەوەش داگرت کە: ئێمە سەرەتا سەبارەت بە سیاسیەتەکانی عێراق قسە دەکەین. من نەھاتوومەتە ئێرە ھەتا لە بارەی سیاسەتەکانی ئەمریکا ڕای خۆم دەر ببڕم. ھەروەھا ئێمە ئەمریکا وەک ھاوپەیمانێک چاو لێ دەکەین و بۆ پاراستنی ئەم ھاوپەیمانییەو قوڵ کردنەوەو پەرە پێ دانیشی ھەوڵ دەدەین.

«فۆئاد حسەین» وتیشی: ئەمریکاو عێراق لە مەترێزێکی ھاوبەش دان لە بەرامبەر داعش داو پێکەوە لە دژی ھێزە تیرۆریستەکان و چەکدارەکانی لە عێراق دا دەجەنگن و ئێمەش بۆ بەردەوام کرانی ئەم ھاوکاری و خەباتەی دژی  تیرۆریستان پێمان داگرتووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە دیدارەکەدا سەبارەت بە ھاوکاری لە بواری جۆربەجۆرو بەتایبەت کارەباو نەوت و تەندروستی و خوێندنی باڵاش بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

سەرپەیڤ