ئاب 23, 2020 10:33 Asia/Tehran
  • لەشکریانی ئەمریکی بنکەی ئەلتاجیی عێراق چۆڵ دەکەن

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان ڕۆژی شەممە وایان بڵاو کردووەتەوە کە ھێزەکانی ئەمریکی ڕۆژی یەکشەممە بنکەی ئەلتاجی ھەڵکەوتوو لە باکووری بەغدا چۆڵ دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی سومریەنیوزی عێراق، بڕێک لە سەرچاوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەشکریانی ئەمریکی و ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی ناسراو بە ھاوپەیمانیی دژی داعش لە تەم رووانە ئەم پێگەیە چۆڵ دەکەن.

ھێشتا کاربەدەستانی فەرمیی عێراقی و یان ئەمریکی لە بارەی کشانەوەی ھێزە سەربازییەکان لە بنکەی ئەلتاجی ھیچ ڕاوبۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم دواییەدا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش لەگەڵ «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی، بانگەشەی کرد کە ژمارەیەکی زۆر کەمی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق ماونەتەوە کە لە ماوەی سێ ساڵی داھاتوو لەم وڵاتە دەکشێنەوە.

بنکەی ئاسمانیی ئەلتاجیی عێراق لە ٨٠ کیلومەتریی باکووری شاری بەغدایە و میوانداری ھێزەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە. بنکەی ئەلتاجی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو گەلێک جار کەوتووەتە بەر ھێرشی ڕۆکێت.

سەرپەیڤ